تاقانە جووەكەی ئەفغانستان مانەوەی هەڵبژارد

دوایین جووی ئەفغانستان، بۆچوونی خۆی سەبارەت بە بەجێهێشتنی وڵاتەكەی گۆڕی و دەڵێت، “ناڕۆم و لێرە دەمێنمەوە”.

زبلوان سیمنتۆڤ، پیاوێكی جووی خەڵكی ئەفغانستان، تەمەنی 61 ساڵە و لە شاری هەرات لەو وڵاتە لەدایكبووە، لەتەمەنی 20 ساڵیدا چووەتە كابول و تا ئێستا نیشتەجێی ئەوێیە، ساڵانێكی زۆر فرۆشگەی بەڕە و ڕاخەر و خشڵ و كاری دەستیی هەبووە.

دوای ئەوەی تاڵیبان ئەفغانستانی كۆنترۆڵكرد، زبلوان بڕیاری دا وڵاتەكەی بەجێبهێڵێت و بچێت بۆ ئیسرائیل بۆلای هاوژین و دوو كچەكەی، كە ماوەی 23 ساڵە بەیەكجاری كۆچیان بۆ ئیسرائیل كردووە.

نوێترین بڕیاری پیاوە جووەكە كە وەك خۆی بۆ كەناڵێكی تەلەڤیزیۆنیی هیندستان ئاشكرایكردووە، مانەوەیەتی لە ئەفغانستان، ئەوەش دوای ئەوەی تاڵیبان جەختیكردەوە كە پەلاماری كەمینەكان نادەن و ژیانیان پارێزراودەبێت.

سیمنتۆڤ دەڵێت، “بۆچوونمم گۆڕی و لێرە دەمێنمەوە، چونكە جگە لە من كەس نییە خزمەتی تاكە كنیس-ەكەی ئەفغانستان بكات”، (كنیس شوێنی پەرستشی جووەكانە، وەك مزگەوتی موسوڵمانان).

لە ساڵی 2005ـەوە زبلوان بووەتە جووە تاقانەكەی ئەفغانستان، ئەوەش دوای مردنی پیاوێكی تری جوو، كە ناوی ئیسحاق لیڤی بوو.

لیڤی هەتا مرد لەگەڵ سیمنتۆڤ-دا ناكۆكبوون، هۆكارەكەشی تەوراتێكی دەستنووسە، كە مێژووەكەی بۆ سەدەی 15ی زایینی دەگەڕێتەوە، ساڵانێكی زۆر ئەو دوو پیاوە جووە یەكتریان بە دزینی تەوراتەكە تۆمەتباردەكرد.

بابەتی پێشتر

پێچەوانەی ڕێككەوتنی ئەتۆمییە.. ئێران یۆرانیۆمی زیاتری پیتاندووە

بابەتی دواتر

کارمەندانی گرێبەستی کۆمسیۆن دەکرێنە هەمیشەیی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share