سەرچاوەیەک لە دادگای سلێمانی: لاهور شێخ جەنگی و براکانی بڕیاری دەستگیرکردنیان هەیە و نەدەبوو ئازادبکرێن

سەرچاوەیەک لە دادگای سلێمانی سەرسوڕمانی خۆی نیشاندەدات لە شێوازی ئازادکردنی لاهوری شێخ جەنگی و براکانی بە کەفالەت و دەڵێت، “لە چەندین دۆسیەی تردا بڕیاری دەستگیرکردنیان هەیە”.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئاب، سەرچاوەیەک لە دادگای سلێمانی ڕایگەیاند، “پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر سکاڵای هاوڵاتی (بڵند عەلی عەبدولڕەحمان) دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی بڕیاریدا بە دەستگیرکردنی تۆمەتباران هەریەک لە (لاهور شێخ جەنگی و براکانی) بەپێی مادەی (٤٣٠) لە یاسای سزادان لەسەر هەڕەشە و زۆرلێکردن بە زەبری هێز و دەسەڵات. ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە براکانی ئامادەی بەردەم دادگا کران”.

سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، “پاش ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی وتەکانیان، دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاریدا بە ئازادکردنیان بە بارمتەی دارایی (واتە بە کەفالەت) هەریەکەیان بەبڕی (٢٥٠٠٠٠٠٠) بیست و پێنج ملیۆن دینار تاوەکو دەرکەوتنی ئەنجامی لێکۆڵینەوە و رۆژی دادگاییکردنیان. واتە ئەم ئازادکردنەیان بە واتای کۆتایی کێشەکەیان نییە بەڵکو بەشێوەیەکی کاتی ئازادکراون تاوەکو ڕۆژی دادگاییکردنیان”.

سەرچاوەکەی دادگای سلێمانی جەختدەکاتەوە لەوەی لاهوری شێخ جەنگی و براکانی “هەرکات دادگا داوایکردن، پێویستە ئامادەبن، بەپێچەوانەوە دووبارە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەردەچێتەوە”.

سەرچاوەکەی دادگای سلێمانی سەرسوڕمانی خۆی نیشاندەدات لە ئازادکردنی ئەو تۆمەتبارانە و دەڵێت، “ئەوەی جێگەی سەرنجە لە بڕیاری ئازادکردنیاندا نەدەبوو بەم شێوەیە ئازادبکرێن، چونکە لە چەندین دۆسیەی دیکەشدا داواکراون و بڕیاری دەستگیرکردنیان هەیە و پێویست بوو لەو کێشانەشدا ئەمڕۆ وتەیان وەربگیرایە، بەڵام دادوەری لێکۆڵینەوە ئەوەی نەکردووە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی زانیاریی هەبووە بەو حاڵەتە. جگە لەوەش هاوڵاتییان بەردەوامن لە تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی ناوبراوان لەسەر ئەو تۆمەتانە، واتە لەئێستادا و لە کێشەی دیکەدا بڕیاری دەستگیرکردنیان هەیە و پێویستە دووبارە ئامادەی دادگا بن”.

بابەتی پێشتر

ڕاپۆرتێك: گرفتی ئاو لە جیهاندا لەگەڵ گۆڕانی ئاووهەوا زیاددەكات

بابەتی دواتر

وەزارەتی خوێندنی باڵا: خوێندنی ئەمساڵ لەناو هۆڵەكان دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share