بە موعجیزە لە مردن ڕزگاریبووە

هێرشبەری مەکسیکی یانەی وڵڤەرهامپتن، ڕائول خیمینێز دوای دابڕانێکی درێژخایەن لەم وەرزەدا گەڕایەوە نێو یاریگاکان و یەکەم چاوپێکەوتنی ئەنجامدا.

مانگی تشرینی دووەمی 2020 لەڕوبەڕوبوونەوەی یانەی ئارسیناڵ، بەهۆی بەریەککەوتنێکی بەهێز لەگەڵ داڤید لویزی بەرگریکاری بەرازیلی، ڕائول خیمینێز لەنێو یاریگا لەهۆشخۆیچوو، ستافی پزیشکی وڵڤی چارەسەری خێرایان بۆکرد و بە ئۆکسجین و ئامێری هەناسەدانەوە گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانەی سانت ماری، هەر لەو نەخۆشخانەیەش نەشتەرگەری بۆ کەللەسەری ئەنجامدرا.

لەم هەفتەیەدا هێرشبەرە تەمەن 30 ساڵەکە لەنێو یاریگاکانی پریمەرلیگ بەرامبەر لیستەر سیتی دەرکەوتەوە، یەکەم ڕوبەڕوبوونەوەی وەرزیشیان (1-0) بە ڕێوییەکان دۆڕاند.

بە موعجیزە ڕزگاری بوو

خیمینێز لەبارەی پێکانەکەیەوە بە ڕۆژنامەی “زە سەن”ی ڕاگەیاندووە، “کە لەناو یاریگا کەوتم ئاگام لە دنیا نەما، بەبیریشم نایەت کەی لە نەخۆشخانە چاومکردووەتەوە، پزیشکەکان لەبارەی پێکانەکەمەوە زانیارییان پێدام، پێیانوتم ژیانت بە موعجیزە ڕزگاری بووە، هەندێجار مرۆڤ حەزناکات بترسێت و گوێبیستی ئەو زانیارییانەبێت، بەڵام من ئێسکی سەرم شکابوو، تووشی خوێنبەربوون ببوم و کەمێک خوێنبەربوون لە دەماغم ڕوویدابوو”.

هەروەها دەڵێت، “دوای نەشتەرگەری، بەردەوام بیرم لەوە دەکردەوە بگەڕێمەوە نێو یاریگا و ئەو کارە بکەم کە خۆم حەزم لێیەتی، لەبەرئەوە کۆڵمنەدا، ئێستا توانیم ئامانجەکەم بپێکم”.

بابەتی پێشتر

مباپێ نهێنییەکی لە ژووری جلگۆڕینەلان درکاندووە

بابەتی دواتر

دوایین (نەخێر)ی تۆتنهام هاری کەینی تووڕەکردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share