بۆچوونی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان لەسەر سەرکەوتنی تاڵیبان

ئەمڕۆ هەواڵی گەرمی ڕۆژ لە میدیا جیهانییەکاندا گەڕانەوەی چەکدارانی تاڵیبان و کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئەفغانستانە، حزبە ئیسلامییەکانی کوردستانیش بۆچوونی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە دۆخی ئەفغانستان.

دوێنێ ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتیی بزوتنەوەی ئیسلامی پەیوەندی بە سەرکردەیەکی تاڵیبانەوە کردووە و پیرۆزبایی کۆنترۆڵکردنی ئەفغانستانی لەو گروپە چەکدارە کردووە.

ئیحسان عەبدولعەزیز لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، ”ئەمڕۆ ئێوارە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا قسەم کرد لەگەڵ  ڕێزدار (ذبیح الله مجاهد) سەرکردەی دیاری بزوتنەوەی تاڵیبان و پیرۆزبایی سەرکەوتن  و ڕزگارکردنی ئەفغانستانمان لێکردن و دڵخۆشی و پەرۆشی  برایان و خوشکان و سەرکردایەتیی بزوتنەوەکەمان پێگەیاند”.

هاوکات سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان سەبارەت بە ڕووداو و پێشهاتەکانی ئەفغانستان لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاندووە، “تاڵیبان ئەو بزوتنەوە فەقێیانەی کە بۆ 30 ساڵ دەچێ یاریکارێکی چالاکە لە چەکداری ئیسلامی و حکومەتداری و پەیوەندیی گوماناوی، ڕوون نەبووەتەوە چۆن ساڵانێ شەریەتی لەگەڵ ئەمریکا و وەختانێکی تر ئاشت و هاوکارە؟ ئێستەش کە گەڕاوەتەوە، زوویەتی هەڵسەنگاندنی لەسەر بکرێ، چاوەڕێ بین، ئاخری خێر بێت”.

لەسەر هەمان پرس عەبدولستار مەجید، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕایگەیاندووە، ”دۆخی هەرێم و ئەفغانستان لە کۆمەڵێک خاڵدا هاوبەشە و لەیەک دەچێت، بۆیە دەبێت ئاگاداری چەند شتێک بین بۆ ئەوەی حکومەت هەمان چارەنووسی نەبێت”.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەری ڕاشیگەیاندووە، “هێزەکانی دەسەڵات دەبێت واز لە قۆرخکاری بهێنن و خەڵکی ئاشتبکەنەوە، هاوکات یەکڕیزی و تەبابن و هێندەش پشت بە بێگانە نەبەستین”.

حکومەتی ئەفغانستان دوای 20 ساڵ هەوڵدانی ئەمریکا بۆ کەوتنەسەرپێ و خۆگرتنی، بەڵام لەماوەی کەمتر لە مانگێكدا بەرامبەر چەکدارانی تاڵیبان کەوت و هیچ شەڕ و بەرگرییەكی ئەوتۆی نەکرد.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا حكومەتی ناوەند ڕێوشوێنەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواوبكات

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ حكومەتی ناوەند ناچاردەكات ڕێوشوێنەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواوبكات. ئەنجومەنی نوێنەران ئەمشەو سێشەممە 16ی…
زیاتر ببینە

لەسەر داوای فراكسیۆنی یەكێتی سبەینێ خوێندنەوەی دووەم و كۆتایی بۆ پڕۆژەیاسای زیادكردنی پارێزگای هەڵەبجە دەكرێت

لەسەر داوای فراكسیۆنی یەكێتی، سبەینێ پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم و كۆتایی بۆ پڕۆژەیاسای زیادكردنی پارێزگای هەڵەبجە دەكات و…
Total
0
Share