پۆلیسی ئەنبار ئاشكرایكرد، شەوی دووشەممە 19ی تشرینی یەكەم، گەورە تیرۆریستێكیان لە فەلوجە دەستگیركردووە. هاوكاتی ئەوەش لە كەركوك تیرۆریستێك كوژرا.
فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار ڕایگەیاند، “لە هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنیندا لە فەلوجە، تیرۆریستێك دەستگیركراوە كە پلەی هەبووە لە ڕیزەكانی داعش دا.”
ڕوونیكردەوە، “تیرۆریستەكە بەشداریی چەندین كردەوەی كردووە لە دژی هێزە ئەمنییەكان و هاوڵاتییان و دەستی بە خوێنی چەندین كەس سووربووە.”
هاوكات لە كەركوك تیرۆریستێك كوژرا كە هەوڵی دەدا بۆمبێك لەسەر شەقامێكی سەرەكی بچێنێت.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، “تیرۆریستێك لەكاتی دانانی بۆمبی چێندراو بۆ كاروانی ئۆتۆمبیلەكانی فەرماندەی تیپی پێنجی سوپای عێراق، لەلایەن پاسەوانەكانی فەرماندە سەربازییەوە كوژراوە.”
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە تیرۆریستەكە سەرگەرمی دانانی بۆمبەكە بووە لەسەر ڕێگای نێوان كەركوك – تكریت.