ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی بۆ چارەسەری کەمئاوی دەرکرد

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی پێنج شەممە 12ی ئاب کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی کەمیی ئاوی خواردنەوە ئەنجامدا و تێیدا بڕیاری تەرخانکردنی گوژمەی یەک ملیار و 250 ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار مانگانە، بۆ مانگەکانی 8-9-10 درا بۆ چارەسەری کەمئاوی.

دەقی ڕاسپاردە و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران:

1-  وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار راسپێردرا هەفتەی داهاتوو سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەک بكات لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی کارەبا و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و دەستەی وەبەرهێنان و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و ناوەندی یاسایی و راوێژی ستراتیژی و بۆردی پڕۆژەکان، بە مەبەستی داڕشتن و دانانی بەرنامەیەک بۆ ستراتیژی رووبەڕووبونەوەی کەمی ئاو و بەردەوامیدان بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە بەشێوەیەکی خولی و مانگانی جارێک.

2-  تەرخانکردنی گوژمەی 1 ملیار و 250 ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار مانگانە، بۆ مانگەکانی 8-9-10 و پێدانی دەستەڵاتی خەرجکردن بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار.

3- پابەندکردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بۆ ئەوەی لە ماوەی هەفتەیەکدا بە هەماهەنگی لەگەڵ بۆردی پڕۆژەکانی ئەنجومەنی وەزیران، دیراسەیەک و راپۆرتێک ئامادە بکات لەسەر هەردوو پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی 4 و پڕۆژەی ئاوی بارزان و دڵنیابوون لە توانای کۆمپانیاکان لە جێبەجێکردن و تەواوکردنی ئەو پرۆژانە و دۆزینەوەی سەرچاوەی پارەدارکردن (تمویل).

4-  پابەندکردنی وەزارەتی کارەبا لەماوەی دوو رۆژدا بۆ ئه‌وه‌ی دیراسەیەک ئامادە بکات بە مه‌به‌ستی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ بیرەکانی ئاوی خواردنەوە.

5-  پابەندکردنی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت بە سەربازی و شارستانیی، بە ئامادەکردن و دابینکردنی ئالیات و تانکەر و هەماهەنگی کردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بۆ گەیاندن و گواستنەوەی ئاو بە ئاسانی بۆ ئەو گەڕەکانەی كێشه‌ی کەمی ئاویان هەیە.

6-  پابەندکردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بە ئامادەکردنی راپۆرتێک کە تیایدا دیراسەیەکی ورد لەسەر هێڵی گواستنەوەی ئاو و پاڵاوتنی و پێوەرەکانی ئاو و پێداویستییەکانی چاککردنەوەی پڕۆژەکانی ئاو و خەزانەکانی ئاو و کۆکردنەوەی داهاتی ئاو (جیبایە) چۆن ئەنجام دەدرێت و لە چ ئاستێک دایە و ئاستەنگەکانی چین، لە ماوەی 15 رۆژ بۆ سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەرزی بکەنەوە.

7-  راسپاردنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ناردنی دۆسیەی پڕۆژەکانی دروستکردنی بەنداو لەسەر شێوازی هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت (PPP) بۆ دیوانی ئەنجومەنی وەزیران.

8-  راسپاردنی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی کارەبا، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بۆ دیراسەکردنی ئه‌وه‌ی تا چەند سوود لە بەنداوەکان وەردەگرین بۆ کارەبا.

9-  راسپاردنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئەنجامدانی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و ئێران لەسەر شێلوبوون و گرتنەوەی ئاو.

10-  پابەندکردنی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانیان لە بەفیڕۆنەدانی ئاو و کارەبا بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتەکانی شارەوانی و گەشت و گوزار و کارەبا و ئەوقاف و کاروباری ئایینی و  پەروەردە و خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی.

11-  راسپاردنی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، بە مەبەستی کارکردن و هەماهەنگی کردن لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان بۆ دەرچوواندنی یاسای پاراستنی ئاو.

بابەتی پێشتر

ڕیزبەندیی ئەو وڵاتەنە بزانە لەمساڵدا ئاگری گەورەیان تێدا کەوتووەتەوە

بابەتی دواتر

ڤیدیۆ.. پۆلیسی خورماتوو منداڵێکی تازەلەدایکبووی فڕێدراوی دۆزییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share