پلانە هەزار و 200 ملیارییەکەی بایدن لە پەسەندکردنی نزیکبووەتەوە

پلانەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ پاڵپشتیکردنی ژێرخان و دامەزراوەکانی وڵاتەکەی بەبڕی  هەزار و 200 ملیار دۆلار، قۆناغە بنەڕەتییەکانی لە ئەنجومەنی پیران تەواوکرد و پەسەندکردنی تاڕادەیەکی زۆر زامنکراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە بە پاڵپشتیی بەرفراوانی دیموکراتەکان و بەشێک لە ئەندامانی کۆمارییەکان قۆناغە بنەڕەتییەکانی پەسەندکردنی پلانی پاڵپشتیکردنی دارایی جۆ بایدن کۆتاییهات، بەمەش نیمچە پەسەندکردنێکی لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە مسۆگەرکرد.

سەرۆکی ئەمریکا ئەو پلانە بە “مێژوویی” ناودەبات، پلانەکە بەرهەمی چەند مانگ لە دانوستان و گفتوگۆکردنی نێوان ئەندامانی دیموکراتەکان و کۆمارییەکانی ئەنجومەنی پیرانە.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، لە پلانەکەدا بڕی 550 ملیار دۆلار لە خەرجییە فیدراڵییەکان تەرخانکراوە بۆ ڕێگاوبان و پردەکان و هۆکارەکانی گواستنەوە، سەرەڕای دابینکردنی هێڵی ئینتەرنێتی خێرا و ڕوبەڕوبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.

بە دەنگی 18 سیناتۆری کۆمارییەکان و 49 سیناتۆری دیموکراتەکان، ئەنجومەنی پیران بڕیاریدا بە کۆتاییهێنان بە گفتوگۆکان لەبارەی پرۆژەیاساکەوە.

ئەم قۆناغەی دەنگدان پێویستی بە 60 دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران هەیە، قۆناغی دواتر پرۆژەکە پێویستی بە 51 دەنگی ئەنجومەنەکە دەبێت، لەگەڵئەوەشدا تائێستا پلانەکە دەبێت قۆناغیکی دیکە ببڕێت کە ئەگەری گۆڕانکاریی نوێی تێداهەیە.

دوایین قۆناغی دەنگدان لەسەری لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو یان پشووی کۆتایی هەفتەدا دەبێت.

لەئەگەری پەسەندکردنی تەواوەتیی پلانەکە لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە، پێویستە پلانەکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش پەسەند بکرێت، کە دیموکراتەکان زۆرینەی ئەندامانی پێکدەهێنن.

بابەتی پێشتر

چالاكوانێكی مەدەنیی عێراق ڕوبەڕووی هەوڵی كوشتن بووەوە

بابەتی دواتر

لیستی 10 زەرەرمەندترین وڵاتانی جیهان بە كۆرۆنا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share