لە هەرێمی كوردستان، بەشێك لەوانەی تووشی كۆرۆنا دەبن، ئەوانەن كە ڤاكسینیان وەرگرتووە، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی ئەو حاڵەتە بەئاسایی دەزانن، توێژینەوەكانیش دووپاتیدەكەنەوە، ئەوانەی ڤاكسین وەردەگرن زۆر كەمتر تووشدەبن.
لەبارەی ژمارەی ئەو توشبووانەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، کە پێشتر ڤاکسینیان وەرگرتووە، تۆڕی میدیایی ئێستا قسەی لەگەڵ دکتۆر ڕەهێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستی كرد، ڕایگەیاند، ئامارێكی تایبەتیان لەو بارەیەوە لانییە، بەڵام دووپاتیكردەوە، “ئەوە حاڵەتێکی جیهانییە، لە وڵاتانی جیهانیش ئەو کەسانە هەن کە ڤاکسینیان وەرگرتووە و تووشی کۆرۆنا بوون”.
بۆیە بریكارەكەی وەزارەتی تەندروستی داوای لە هاوڵاتییان كرد، کە ڤاکسینیشیان وەرگرت خۆپارێزی بکەن و ماسک بەکاربهێنن.
سەرەڕای ئەگەری توشبوونی ڤاكسینكراوان، بەڵام دکتۆر ڕەهێڵ دووپاتیكردەوە، لە جیهاندا توێژینەوە و سەنتەرە پزیشکییە پێشکەوتووەکان داوا لە هاوڵاتییان دەكەن خۆیان ڤاكسین بكەن، لەگەڵ ئەوەی دڵنیایی تەواو نادەن لەوەی کەسی ڤاکسینکراو تووشی کۆرۆنا نابێت.
بریکاری وەزارەتی تەندروستی ڕوونیكردەوە، سەلامەتیی ڤاكسینەكان 90%، یان كەمتر و زیاتر دەبن، “دڵنیایی 100% نەدراوە بە هیچ ڤاکسینێک”.
زۆربەی توێژینەوە جیهانییەكانی ئەم دواییە دووپاتیدەكەنەوە، ئەوانەی ڤاكسین وەردەگرن، ئەگەری توشبوونیان بە كۆرۆنا كەمترە، ئەگەر پەتاكەش بگرنەوە، كاریگەرییەكانی لەسەریان كەمترە، بەگشتیش وەرگرتنی ڤاكسین ڕێژەی مردن بە پەتاكە كەمدەكاتەوە.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاندووە، ئەوانەی دوو ژەمی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسەکە وەردەگرن ئەگەری توشبوونیان بە بە کۆرۆنا یان گۆراوی دەلتا هەیە بەڵام کەسی توشبوو ئەگەری هەیە نیشانەی نەبێت یان نیشانەکانی وەک کەسێکی ڤاکسیننەکراو توند نابن لەگەڵ ئەوەشدا داخڵبوون لەنەخۆشخانەکان و مردن تێیاندا بەڕێژەیەکی زۆر کەمترە.