حاجی زادە.. ئەو پیاوەی بە هێرشكردنەسەر كەشتی و فڕۆكەكان تۆمەتبارە

ئیسرائیل، مكوڕە لەسەر تۆمەتباركردنی ئێران بە هێرشكردنەسەر كەشتییەكەی و لە نوێترین پەرەسەندنی دۆسیەكەدا، ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و فەرماندەیەكی تری سەربازیی ئەو وڵاتە بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار دەكات.

شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو، كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئیسرائیل لە دەریای عومان کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە دوو دەریاوان گیانیان لەدەستدا.

دوای هێرشەكە، ئیسرائیل پەنجەی تۆمەتی بۆ ئێران ڕاكێشا و نەفتالی بینێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی، “بەڵگە هەواڵگرییەکانمان دووپاتیدەكەنەوە تاران بە درۆن كەشتییەكەی كردووەتە ئامانج”.

دواتر ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، “دوای پێداچوونه‌وه‌ به‌ زانیارییه‌ به‌رده‌سته‌كان، دڵنیابووینه‌وه‌ ئێران هێرشەكەی لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئه‌نجامداوه‌”.

ئەوكات وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی، ”ویلایەتە یەكگرتووەكان لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدایە لەگەڵ بەریتانیا، ئیسرائیل و ڕۆمانیا و وڵاتانی دیکە دژی ئێران و لەگەڵ ئەو وڵاتانە وەڵامی بەکۆمەڵی ئێران دەدەینەوە”.

ئەو لێدوانانە ئێران-یان هێنایەدەنگ و ڕەتیكردەوە هێرشی كردبێتە سەر كەشتییەكەی ئیسرائیل لە دەریای عومان.

سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە تاران سازدا و لەبارەی تۆمەتەكانی ئیسرائیلەوە دوا و ڕەتیكردەوە هێرشەكە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدرابێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وەڵامی تۆمەتی بە تۆمەت دایەوە و ڕایگەیاند، یەكەمجار نییە “ژێمی زایۆنی” تۆمەتی لەوشێوەیە ئاراستەی تاران بكات.

حاجی زادە كێیە؟

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئاب، بینی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و سەعید ئاراجانی، سەرۆكی فەرماندەیی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی سوپای پاسدارانی بە سەرپەرشتیكردنی هێرشكردنەسەر نەوتهەڵگرەكەی تۆمەتباركرد.

حاجی زادە، بە كەسێكی زۆر نزیك و متمانەپێكراوی عەلی خامنەئی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ناسراوە، پێشتر چەندین ئەرك و بەرپرسیارێتی گرنگی پێسپێردراوە، دەوترێت لە ساڵی 2009وە رۆڵی كاریگەری هەبووە لە پێشخستن و پەرەپێدانی سیستمی موشەكیی وڵاتەكەیدا، هەر ئەویش وایكردووە ئێران ببێتە خاوەنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و تەنانەت هەناردەی چەند وڵاتێكیان بكات.

وڵاتانی خۆرئاوا، ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران تۆمەتبار دەكەن بە خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە لە ساڵی 2020دا، كە بە دوو موشەك تێكشكێندرا و سەرجەم سەرنشینان و تیمەكەی، كە 176 كەس بوون گیانیان لەدەستدا.

جموجۆڵ و چالاكییەكانی حاجی زادە تا ئەو ڕادەیە خۆرئاوایان تووڕە كردووە، كە هەریەك لە ئەمریكا و كەنەدا، ناویان خستووەتە لیستی سزاكانەوە.

بابەتی پێشتر

دوور لە چاوی میدیا ئۆتۆمبێلەكەی سلێمان هەڵشۆیی فرۆشرا

بابەتی دواتر

سابیتزەر لایپزیگی ناوێت و پێنج یانەی گەورە داوایانکردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share