تەندروستیی عێراق داوای سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ دەكات

وەزارەتی تەندروستیی عێراق بەهۆی هەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆناوە، داوای سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ دەکات.

ڕیاز حەلفی، بەڕێوەبەری تەندروستیی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی بە میدیای فەرمیی عێراقی وتووە، “پێشنیازمان كردووە بۆ لیژنەی باڵای تەندروستی كە بۆ ماوەی دوو هەفتە قەدەغەی هاتوچۆ بسەپێنێت، هۆكارەكەشی بۆ بەرزبوونەوەی ئامارەکانی تووشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەڕاندەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، “ئەم پێشنیازە دوای ئەوە دێت، كە خەڵک گوێ بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان نادەن، بۆیە ناچاربووین ئەم پێشنیارە بکەین”.

لەبارەی دەستەبەرکردنی ڤاكسینیشەوە، حەلفی ئاشكرایكردووە، وەزارەتی تەندروستی لەهەوڵدایە لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر، قەبارەی کڕینی ڤاکسین لە 16 ملیۆنەوە بۆ 18 ملیۆن ژەم بەرزبکاتەوە.

بەپێی دوایین ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 11 هەزار و 644 کەس لە عێراق تووشی کۆرۆنا بوون و 63 کەسیش بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداون.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانتارێك: ساڵی ڕابردوو 25 ملیار دۆلار ونكراوە

بابەتی دواتر

کۆمپانیایەک لەسەدا 10ی لالیگا دەکڕێتەوە و ڕیاڵ و بارسا ڕزگاردەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share