دوای ساڵێك لە تەقینەوەكەی بەیروت.. بە فەرمی هیچ كەس و بە نافەرمی حزبوڵا تۆمەتبارە

دوای تێپەڕینی ساڵێک بەسەر ئەو کارەساتەی لە تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت ڕوویدا، شوێنەوارە وێرانکەرە ماددی و مەعنەوییەکانی بەردەوامن، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 200 کەس گیانیان لەدەستدا و وێرانکاریی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان دروستکرد، بەڵام تائێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە هۆکار و چۆنێتیی ڕووداوەکە بەتەواوەتی ئاشکرا نەکراون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دوای تەقینەوەکە، لەو ڕووداوەدا 214 کەس گیانیان لەدەستداوە، 300 هەزار کەس ماڵ و شوێنی مانەوەیان بۆ ماوەیەکی کاتی جێهێشت، 73 هەزار شوقەی نیشتەجێبوون ڕووخان و 9 هەزار و 200 باڵەخانەش زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها 70 هەزار کەسیش کارەکانیان لەدەستدا.

ئاژانسی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیمانگای ئەمریکی جیۆفیزیایی و دەزگا میدیاییەکانی لوبنان بڵاویکردەوە، بەهۆی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروتەوە 163 خوێندنگە و دامەزراوەی زانستی زیانیان بەرکەوتووە.

هەروەها لە کەرتی تەندروستیشدا 106 دامەزارەوەی تەندروستی زیانیان بەرکەوتووە، لەوانە شەش نەخۆشخانە و 20 کلینیکی تێدابووە.

هەر زوو پرسی تەقینەوەكە بووە پرسیار، چی بوو تەقییەوە؟ بۆ لەوێ بوو؟ كێ هێنابووی و هی كێ بوو؟ هەموو ئەمانە بوونە كەرەستەی شیکردنەوە و لێکدانەوەکان بۆ تەقینەوەکە و هۆکارەکانی، سیناریۆ و هۆکاری جیاوازیان خستەڕوو، هەندێک بەپێی بۆچوونە سیاسییەکان و هەندێکیش لەڕووی زانستییەوە بەپێی جۆر و ڕەنگ و قەبارەی تەقینەوەکە و ئەو دوکەڵ و ئاگرەی لە تەقینەوەکەوە دروستبوو، لێکدانەوەیان بۆکرد.

یەکێک لە دیارترین ئەو سیناریۆیانەی باسكران، هاتنەگۆی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکابوو، کە بە شانازییەوە وتی، “جەنەراڵ و پسپۆڕە ئەمریکییەکانمان بۆیاندەرکەوتووە ئەو تەقینەوەیە بەهۆی هێرشێکی دەرەکییەوە بووە”، هاوشێوەی ئەو لێدوانەی ترەمپ، بەشێك لە ڕاپۆرتە جیهانییەکان ئاراستەی لێكدانەوە و گومانەکانیان بەجۆرێکبوو، کە ئەگەری هەیە ئیسرائیل ئەو هێرشەی ئەنجامدابێت، بەڵام مەبەستی نەبووە زیان بە بەیروتی پایتەخت و هاوڵاتیی سڤیل بگەیەنێت.

لەگەڵ ئەوەی شاندە دەرەکییەکانی وڵاتانی وەک ئەمریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکار و قەبارەی ڕووداوەکە چوونە شوێنی تەقینەوەکە، بەڵام تائێستا ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە نەخراونەتەڕوو، لوبنانییەکان گومانی ئەوەیان لادروستبووە، کە ڕاستییەکانی ڕووداوەکە لەپێناو بەرژەوەندیی وڵاتانی جیهاندا دەشاردرێنەوە.

بەر لە ساڵێک ڕۆژنامەی “دێر شپیگڵ”ی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، ئەو کەسەی خاوەنی کەشتیی “ڕوسوس” بووە، کە كۆنتێنەری نیتراتی ئەمۆنیۆمی تێدابووە و تەقیوەتەوە، ناوی شارالامبوس مانولی بووە، پیاوێکی بەڕەچەڵەک قوبڕسییە، بەپێی لێکۆڵینەوەکان مانولی پەیوەندیی هەبووە لەگەڵ بانکێکی سەربە حزبوڵای لوبنانی، بەپێی دەزگای (ئێف بی ئێم ئای)ی تەنزانی، شارەزایانی ئەمریکی ئاشکرایانکردووە، کە خاوەنی ئەو کەشتییە پێشتر کاری سپیکردنەوەی پارەی لە بەرژەوەندیی حزبوڵا کردووە.

نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI)، دوای ساڵێک لە تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت، لە ڕاپۆرتێکیدا لەبارەی قەبارەی بڕی ئەو نیتراتی ئەمۆنیۆمەی تەقیوەتەوە ئاشکرایکرد، ئەو تەقینەوەیەی ڕوویدا تەنها نزیكەی 20%ی ئەو نیتراتی ئەمۆنیۆمە بووە كە لەو بارهەڵگرەدا بووە و ئەوەی دیكەی لە ساڵی 2013دا بەتاڵکراوەتەوە.

نوسینگەی FBI ئەوەی خستووەتەڕوو، بارهەڵگری ژمارە12ی بەندەری بەیروت بڕی 552 تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆمی تێدا بووە، لەکاتێکدا بڕی ڕاستەقینەی ئەو نیتراتەی پێشتر لەبارهەڵگرەکەدا بووە 2754 تۆن بووە و لەساڵی 2013دا بەتاڵکراوە.

FBI دەڵێت، ئەمە گومانەکان سەبارەت بە حەشاردانی بڕێک لە نیتراتی ئەمۆنیۆم زیاتر دەکات.

تەقینەوەکەی ساڵی ڕابردووی بەندەری بەیروت بە یەکێک لە بەهێزترین تەقینەوە نائەتۆمییەکانی جیهان دادەنرێت لە مێژوودا، کە زیاتر لە 200 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا و هەزاران برینداریشی لێکەوتەوە، ڕووبەرێکی فراوانیشی لە بەیروت وێرانکرد.

بابەتی پێشتر

گەرمیان.. زیاتر لە 170 هەزار دۆلاری كۆمپانیایەك دزرا

بابەتی دواتر

پۆلیسی سلێمانی: دوو تۆمەتبار بە دراوی ساختەوە دەستگیرکران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share