ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی چارەسەرەکانی وشکەساڵییەوە بڕیاریدا

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی وشکەساڵی و چارەسەرە خێرا و درێژخایەنەکان گفتوگۆکرا و بڕیاری کەمکردنەوەی ڕێکارە ئیدارییەکان بۆ هەر هەنگاوێکی چارەسەری وشکەساڵی درا.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا مەهدی مەحمود سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی، “ئەمڕۆ تاوتوێی ڕاپۆرتی پێشووتری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاومان کرد کە تایبەت بوو بە جۆرەکانی وشکەساڵی و چارەسەرەکانی، چ چارەسەری کاتی و بەپەلە چ چارەسەری درێژخایەن”.

ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ باس لە هەنگاوەکانی چارەسەری وشکەساڵی و جۆرەکانی وشکەساڵی کراوە، هاوکات چارەسەرەکان بۆ ئێستا و سالانی داهاتووش خراونەتەڕوو.

“ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پاڵپشتیی تەواوی بۆ ئەو ڕاپۆرتەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەربڕی و پلانی نوێشی بۆ چارەسەری وشکەساڵی لە سنووری پارێزگای سلێمانی خستەڕوو.” سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگا وایوت.

مەهدی مەحمود ئاشکرایکرد، “لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاریانداوە بە چارەسەرکردنی بەشێک لە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لە سنووری پارێزگاکە لەڕێگای لێدانی بیر و دروستکردنی حەوز و ڕێگا خێراکانی دیکەوە، بەمەبەستی ئاودان و چارەسەرکردنی بێئاوی لەو شوێنانەی پێویستیان بە ئاودان و دابینکردنی ئاو هەیە”.

باسی لەوەشکرد کە لە مانگی حوزەیراندا مەسرور بارزانی بڕیاری خەرجکردنی بڕی چوار ملیار دیناریدا بۆ ئاودانی سەوزاییەکانی سلێمانی و پارکەکان، بەڵام تائیستا ئەو بڕە پارەیە نەهاتووە و بەمزوانەش نایەت چونکە ڕۆتیناتە ئیدارییەکان ناردنی پارەکە تا دوای مانگی ئەیلول دوادەخات ئەوکاتەش سەوزاییەکان لەناودەچن.

ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ جەخت لە هەڵگرتنی ڕۆتیناتە ئیدارییەکانی فەرمانگەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی ڕوبەڕوبوونەوەی وشکەساڵی کراوەتەوە، بڕیاریشدرا بەڕێگەی جیاواز و خێرا ئاو بۆ ئاودانی سەوزاییەکان و پەلەوەر و گیانداران دابینبکرێت.

ئاماژەی بەوەکرد لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوەکراوە دەستبکرێت بە دورستکردنی بەنداوی بچوک بە ژمارەیەکی زۆر تاوەکو ساڵانە ئەو بارانەی دەبارێت بتوانین لە وەرزی کەمئاویدا سودی لێوەربگرین و گرتنەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دەرەوە نەبێتە کێشەی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان.

بابەتی پێشتر

وەزیری دارایی بۆ خۆنەدزینەوە لە باج و گومرگ داوایەك ئاراستەی ئاسایشی هەرێم دەكات

بابەتی دواتر

كازمی: دۆسیەی ئێزدییەكان لە پێشینەی گرنگیپێدانی حكومەتە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share