ڕۆحانی دان بە دزرانی ئەرشیفی ئەتۆمیی ئێراندا دەنێت

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران

سەرۆك كۆماری ماوە تەواوبووی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئیسرائیل ئەرشیفی ئەتۆمیی ئێرانی دزیووە.

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لە وتاری حكومیی كۆتایدا لە تاران ڕایگەیاند، ئیسرائیلییەكان نهێنییەكانی وڵاتەكەیان بردووە و گەیاندویانەتە ترەمپ، بۆیە ئەویش لە ڕێككەوتنەكە كشایەوە، وەك ئەوەی لەلایەن ئاژانسی هەواڵی فارسەوە بڵاوكراوەتەوە.

بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل پێشتر بردنی ئەرشیفی ئەتۆمیی ئێرانی لە ئایاری 2018 ڕاگەیاند و ڕوونیكردەوە، پرۆسەكە بە تەواوی ئەنجامدراوە و ئەوكات موساد سەركەوتوو بووە لە دزینی زیاتر لە نیو تۆن بەڵگە، كە 55 هەزار بەڵگە لەسەر 183 سیدی تایبەت بە توێژینەوە ئەتۆمییە نهێنییەكانی ئێران لە پرۆژەی (عیماد) لەخۆگرێت، كە عەمبارێكە و دەكەوێتە نزیك تاران-ی پایتەخت.

ئێران ڕەتیكردەوە و دواتر دانیپێدانا
ئەوكات هەواڵ لەبارەی گواستنەوەی بەڵگەنامە لە توركوزئاباد-ی نزیك تاران لەڕێی دوو بارهەڵگرەوە بۆ كۆماری ئازەربایجان-ی هاوسێی ئێران بڵاوبووەوە، بەڵام باكۆ، كە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ تەلئەبیب هەیە، ڕەتیكردەوە.

هاوكات لەگەڵ دزینی بەڵگەكاندا بەرپرسێكی حكومیی ئێران لە سەرەتادا سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی بە “درۆزن” ناوبرد، بەڵام لە كۆتایدا موحسین ڕەزائی، سكرتێری كۆبەندی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ڕژێم بۆ یەكەمجار لە 14ی نیسانی 2021 دانی بە دزینی بەڵگەنامە ئەتۆمییەكان لەڕێی ئیسرائیلەوە نا و ئاماژەی بەوەكرد، كە وڵات بەدەست “ژەهراویبوونی ئەمنییەوە دەناڵێنێت”.

وردەكاریی پڕۆسەكە
یوسی كۆهین، سەرۆكی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (موساد) دەربارەی وردەكاریی پڕۆسەكە وتی، 20 كارمەندی موساد بەشدارییان كردووە و سەرجەمیان لەژیاندا ماون و هەندێكیان ئێرانیان جێهێشتووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ كەسێك لەوان ئیسرائیلی، یان یەهودی نەبوون.

لە بەرامبەردا كەناڵی 12ی ئیسرائیل لە 11ی حوزەیرانی ڕابردوو ئاشكرایكرد، لەمیانەی پڕۆسەكەدا 32 خەزێنە كە بەڵگەنامەی ئەرشیفی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی تیابووە لە ماوەی حەوت كاتژمێردا كراونەتەوە، دووپاتیشیكردەوە، موساد بۆ ماوەی دوو ساڵ پلانی بۆ كارەكە داناوە.

123 نەوتگوێزەرەوەی ئێران تەقێندراونەتەوە
لە كۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی حكومەتی ڕۆحانی، ئیسحاق جیهانگیری جێگری یەكەمی سەرۆك لە ئاماژەیەدا بۆ هەندێك لە ڕووداوەكانی ئەمدواییەی ئیدارەی ڕۆحانی وتی، لە قۆناغێكدا ئیسرائیل كەسانێكی دەناردە ناو نەوتگوێزەرەوەكانی سەر بە ئێران و دەیانتەقاندەوە.

ئەوەشی وت، بەم ڕێگایە ئیسرائیل 12 نەوتگوێزەرەوەی ئێرانی تەقاندووەتەوە، یان زیانی پێگەیاندووە، بەبێ ئەوەی وردەكاریی زیاتر بدات.

لە ئایاری ڕابردووش، دوای ئەوەی ئەنجومەنی داڕشتنەوەی دەستووری ئێران پاڵاوتنی مەحمود ئەحمەدی نەژاد-ی سەرۆك كۆماری پێشووی بۆ كێبڕكێكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ڕەتكردەوە، ئەحمەدی نەژاد هەندێك نهێنی ئاشكراكرد و ئەوكات وتی، ئەو هێرشەی لە 11ی نیسانی ڕابردوو ڕوبەڕووی دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز بووەوە زیانەكەی گەیشتووەتە 10 ملیار دۆلار، جارێكی دیكەش دووپاتیكردەوە، بەڵگەنامە ئەتۆمییەكانی ئێران لە دامەزراوەی “توركوزئاباد” دزراوە.

هەروەك بۆ یەكەمجار دانی بەوەدانا، كە بەڵگەنامەكانی بۆشایی ئاسمانی ئێران لە سەنتەری لێكۆڵینەوەی بۆشایی ئاسمانی ئێران دزراوە.

پێشتریش ئیسحاق جیهانگیری لە 30ی نیسان ئیسرائیلی تۆمەتباركرد بە هێرشكردنەسەر 12 نەوتگوێزەرەوەی ئێران لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا لەسەر تۆڕی (كڵەب هاوس)، بەڵام ئەوكات هیچ وردەكارییەكی دیكەی ئەو هێرشانەی ئاشكرانەكرد.

ئەو هەواڵ و لێدوانانە دەربارەی تەقاندنەوەی نەوتگوێزەرەوە ئێرانییەكان لەكاتێكدایە، هەریەك لە ئیسرائیل، بەریتانیا و ویلایەتە یەكگرتووەكان، ئێران تۆمەتباردەكەن بەوەی پلانداڕێژەری ئەو هێرشەیە كە كراوەتەسەر گوێزەرەوەیەكی ئیسرائیلی لە نزیك كەناراوەكانی عومان، كە بەر لە چەند ڕۆژێك ئەنجامدرا.

س: ئەلعەرەبییە + میدیاكان

بابەتی پێشتر

وەرەقە سپییەكەی كازمی كەوتە كار

بابەتی دواتر

كۆرۆنا لە هەرێم.. زیاتر لە سێ هەزار توشبووی دیکە تۆماركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share