بافڵ تاڵەبانی: ڕێگە نادرێت پێشێلکاری یاسا بکرێت و زیان بە ڕەوتی ژیانی گشتی بگەیەندرێت

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ بەشێك لە بەرپرسانی ئەمنی هەرێم و سلێمانی ڕایگەیاند، “ڕێگە نادرێت بە ھەر پاساوێکەوە پێشێلکاری یاسابکرێت و زیان بە رەوتی ژیانی گشتی بگەیەنرێت”.

ئەمڕۆ لە دەباشان بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دکتۆر خەسرەو گوڵ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم و لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیی سلێمانی کۆبووەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، هەریەك لە سەرکەوت حەسەن، ڕاوێژکاری ئەمنیی سەرۆکایەتیی یەکێتی و لیوا ڕوکن عومەر ساڵح، فەرماندەی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و ھیوا ئەحمەد، بەڕێوبەری ئاسایشی سلێمانی و عەمید ئاسۆ شێخ تەھا، بەڕێوبەری پۆلیسی سلێمانی ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.

ئاماژە بەوەشكراوە، ھاوسەرۆکی یەكێتی وێڕای دەستخۆشی و دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ ھێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ لە بەرامبەر پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتییان و بەرقەرارکردنی ئارامی، جەختی لە سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری کردەوە و بەرچاوڕوونیدا لەبارەی ئەرک و بەرپرسیاریەتی ھێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش لە پاراستنی ژیانی گشتی و سەلامەتیی ھەموولایەک و ڕەخساندنی زەمینەی لەبارتر بۆ سەلامەتی کار.

لە كۆبوونەوەكەدا، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاندووە، “ڕێگەنادرێت بە ھەر پاساوێکەوە پێشێلکاریی یاسا بکرێت و زیان بە ڕەوتی ژیانی گشتی بگەیەندرێت، بۆ ئەوەش ھەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی دەگرینەبەر و پێشێلکاران و تاوانکاران ڕاپێچی دادگاکان دەکەین، چونکە ئارامی و سەلامەتیی ژیانی کۆمەڵانی خەڵک لای یەکێتی ھێڵی سوورە و ناھێڵین کەس بیبەزێنێت”.

لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی جەختی لەوەش کردەوە، “لای ئێمە هیچ کەسێک لە سەروو یاساوە نییە و بە توندی سزای ئەو کەسانە دەدەین کە دەست بۆ سەروماڵی هاوڵاتییان دەبەن و کاری تێکدەرانە ئەنجام دەدەن، ئێمە بەڵێنمان بە سلێمانی و خەڵکەکەی داوە کە ژیانیان پارێزراو بێت و لە کەشێکی ئارامدا ژیان بەسەر ببەن”.

بابەتی پێشتر

لەسەر ڕازی نەبوون بۆ هێنانی ژنی سێیەم ژنی دووەمی خۆی كوشت

بابەتی دواتر

ئێران و عێراق چەند لێکتێگەیشتنێک واژوو دەکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share