وەزارەتی كارەبا سوورە لەسەر وەرگرتنەوەی قەرزی هاوبەشان

وەزارەتی كارەبا سوورە لەسەر ئەوەی پارەی قەرز لە هاوبەشان وەربگرێتەوە، بەوتەی وتەبێژی وەزارەتەكە، قەرزەكان نەدرێنەوە گرفت بۆ خزمەتگوزاریی كارەبا دروستدەبێت.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی دارایی هیچ بڕە بودجەیەكیان بۆ خەرجناكات و بەهۆی نەگەڕاندنەوەی كرێی كارەباش لەلایەن هاوڵاتییانەوە وەزارەتەكەیان لە دۆخێكی سەختدایە.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئەو ڕاگەیەندراوەی ئەمڕۆمان جەختكردنەوەیە لە داواكارییەكانی ڕابردووی وەزارەت بۆ هاوبەشانی كارەبا، كە پابەندبن بە پێدانی پارەی كارەبا و ئەوە ڕێنماییە لە ساڵی 2019وە بڵاوكراوەتەوە، كە هەر هاوبەشێك دووجار پارەی كرێی كارەبا نەدات، بۆ جاری سێیەم كارەباكەی ببڕدرێت”.

وتیشی، “لە سەرەتای 2021ــەوە وەزارەتی كارەبا هیچ بودجەیەكی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ خەرجنەكراوە”، وەزارەتەكەش پشت بەو داهاتە دەبەستێت كە بۆیدەگەڕێتەوە و لە نۆژەنكردنەوەی تۆڕەكان و چاكسازیكردن تیایاندا بەكاردەخرێت.

ڕوونیكردەوە، “مانگانە وەزارەتەكە 85 بۆ 90 ملیۆن دۆلار خەرجی هەیە، بەڵام مانگانە 10 ملیۆن دۆلارمان پێكۆكراوەتەوە لە هاوبەشانی كارەبا، بۆیە ئەگەر بەمشێوەیە بڕوات ئاستەنگی گەورە بۆ خزمەتگوزارییەكان دروست دەبێت”.

وتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبا نەیشاردەوە كە لەماوەی ڕابردوودا ڕەچاوی باری دارایی هاوڵاتییان كراوە و هیچ كات پەنایان نەبردووەتە بەر بڕینی كارەبا، بەڵام ئێستا بە دۆخێكی سەختدا تێپەڕدەبن و پێویست دەكات داهاتیان هەبێت تا كارەكان و خزمەتگوزارییەكانیان جێبەجێبكەن.

“ئەگەر هاوڵاتییەك بڕە پارەیەكی زۆری كارەبای لابێت، كە بارگرانیی دارایی لەسەر دروستبكات، وەزارەتەكە كارئاسانیی بۆدەكات و بەشێوەی قیستی درێژخایەن وەریدەگرێتەوە”، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا وای وت.

دەربارەی كەمبوونەوەی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا، وتەبێژەكەی وەزارەت دەڵێت، “هۆكاری كەمبوونەوەی كارەبا لەمانگی حەوتدا وەزارەتی كارەبا لێی بەرپرسیار نیە، بەڵكو گرفتەكە نەبوونی پارە و سوتەمەنییە، كە دەبێت بۆمان خەرج بكرێت و نەكراوە”.

بەڵام وتی، “لەم مانگەدا بەگشتی تێكڕا 14 كاتژمێر كارەبامان داوە بەهاوڵاتییان و هەوڵدەدەین بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد بكەین، تا جێگیری لە بەرنامەی پێدانی كارەبا هەبێت”.

ئومێد ئەحمەد جەختی لەوەشكردەوە، “وەزارەتی كارەبا یەك ترلیۆن و 324 ملیار دینار قەرزی لای هاوبەشەكانیەتی، ئەو پارەیە بگەڕێتەوە 80%ی كێشەكانی كارەبای پێ چارەسەردەكرێت”.

بابەتی پێشتر

كوشتنی كۆڵبەرێك و برینداركردنی 12ی دیكە ناڕەزایەتیی لێكەوتەوە

بابەتی دواتر

بەرگریی ئەفغانستان كوژرانی زیاتر لە 180 چەكداری تاڵیبانی ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share