شیعەكان پێشوازی لە كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا دەكەن

هێزە سەرەكییە شیعییەكان پێشوازی لە دەرەنجامەكانی گفتوگۆی ستراتیژی و بڕیاری كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكەن.

هاوپەیمانیی فەتح لە ڕایگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێشوازی لەو دەرەنجامانە دەكەن كە دانوستانكارە عێراقییەكان بەدەستیانهێناوە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا بۆ كشانەوەی هێزە سەربازییە شەڕكەرەكان بەشێوەیەكی تەواوەتی تا كۆتایی ئەمساڵ.

فەتح پێشیوایە، ئەوەی كراوە هەنگاوێكی ئەرێنییە بە ئاڕاستەی گەیشتن بەسەروەریی نیشتمانیی تەواوەتی.

هاوپەیمانێتییەكەی عامری، هیواشیخواستووە بەرپرسانی پەیوەندیداری عێراقی چاودێریی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە بكەن بەشێوەی كردەیی، سوپاسی ئەو بەرپرسانەش دەكەن كە “دانوستانیانكرد بۆ ئەوەی ئەو دەستكەوتە نیشتمانییە بۆ عێراق بەدەستبهێنن”.

لە لایەكی دیكەوە هاوپەیمانیی نەسر، كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات بەفەرمی پێشوازی لە دەرەنجامەكانی گەڕی چوارەمی دانوستانەكانی ئەمریكا – عێراق كرد.

نەسر لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەنجامەكانی دانوستانەكە هەوڵی كابینەكەی كازمی و پشتیوانیی هێزە نیشتمانییەكانە بۆ بەرژەوەندیی عێراق و سەروەرییەكەی.

جەختی لەوەشكردووەتەوە، پێویستە حكومەت و گەل و هێزە نیشتمانییەكان یەكڕیزبن لە پێناو بەرژەوەندی و سەروەریی عێراق و ئەو ئاڵنگارییانەی ڕوبەڕوویان دەبێتەوە.

هاوكات عەممار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمە هەڵوێستی خۆی لەبارەی ڕێككەوتنەكەوە ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، شاندی دانوستانكاری عێراق سەركەوتوو بووە لە دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و عێراق و “پشتیوانیی هێزە عێراقییەكان وایكرد دیپلۆماسییانە ئەو دەستكەوتە بەدەستبهێنن”.

حەكیم پێشیوایە، بەدەستهێنانی ئەو دەستكەوتە بەهۆی یەكڕیزیی هەڵوێستی عێراقییەكان بوو، لە ڕەتكردنەوەی بوونی سەربازیی بیانی و جێگرتنەوەی ئەو بوونە سەربازییە بە پەیوەندییەكی دوولایەنە، كە تیایدا بەرژەوەندی و سەروەریی عێراق پارێزراو بێت.

چەند ڕۆژێك بوو گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ئەمریكا-عێراق دەستیپێكردبوو، دوێنێ بە لوتكەی نێوان بایدن و كازمی كۆتاییپێهێنرا، یەكێك لەو خاڵانەی لەسەری رێككەوتوون كشانەوەی تەواوی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكایە لە عێراق تا كۆتایی ئەمساڵ.

بابەتی پێشتر

سەرۆكایەتیی كۆمار داندەنێت بە بوونی هەوڵ بۆ دواخستنی هەڵبژاردن

بابەتی دواتر

كوشتنی كۆڵبەرێك و برینداركردنی 12ی دیكە ناڕەزایەتیی لێكەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share