ئەمریكا دووپاتیدەكاتەوە، ئەركی شەڕكردنیان لە عێراق كۆتایی هاتووە و چیتر تەنها مەشق و ڕاهێنان بە هێزە عێراقییەكان ئەركی ئەوان دەبێت، بەڵام پێگەیان لە عێراق دەهێڵنەوە “بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و ئێران”.
جین ساكی وتەبێژی كۆشكی سپیی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی ڕێككەوتنی واشنتن و بەغداد لەچوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیژی پرسیاری لێكرا، ڕایگەیاند، گرنگترین پرس ئەوەیە كە ئەركەكانیان لە عێراق گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، كۆتایی بە ڕۆڵی شەڕكردنی ئەمریكا دێت و تەنها ڕۆڵی ڕاهێنان و ڕاوێژكاری و هاریكاری دەمێنێتەوە.
وتەبێژی كۆشكی سپی وتیشی، ئەو گۆڕانكارییە لەسەر داوای عێراقییەكان بووە و “ویستویانە ئەو گۆڕانکارییە بەڕاستی ببینن”.
بەڵام ساكی ڕەتیكردەوە ئەوەی كراوە بەمانای كۆتاییهاتنی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات بێت، وتی، “پێگەمان لە عێراق دەهێڵینەوە، بەڵام بۆ مەبەستێکی دیکە”.
ساكی “مەبەستی دیكە”ی ڕوونكردەوە، “بتوانین لە شەڕی دژ بە داعش و بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی لە ئێرانەوە دێن، سوود بە عێراق بگەیەنین”.