عێراق: كێشەی هاوردەكردنی گازی سروشتیی ئیران چارەسەر نەبووە

وەزارەتی كارەبای عێراق ئاشكرایكردووە، كێشەی هاوردەكردنی گازی سروشتیی ئێران بەردەوامە و هۆكارەكەشی بۆ بانكەكانی ئێران گەڕاندووەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی نیسان، ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق ڕایگەیاندووە، “كێشەیەك لە بانكەكانی ئێران هەیە، بەهۆی سزا سەپێندراوەكانی ئەمریكا بەسەر ئەو وڵاتەدا، قورسە كە ئەو پارەی لای عێراقە بە دۆلار بیداتەوە”.

ئەوەشی ئاشكراكردووە، “مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق فەرمانی كردووە كە ئەو كێشانە لەڕێی ڕیككەوتنی نوێوە چارەسەر بكرێن، بۆ هاوردەكردنی گازی سروشتیی ئێران، بەتایبەت لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین كە وێستگەكانی كارەبا پێویستیان بە گازە بۆ كاركردن”.

بەڵام وتەبێژەكەی كارەبای عیراق نەیشاردووەتەوە، “كیشەكان بەردەوامن، ئێران نایەوێت گاز بەو داواكارییەی عێراق هەیەتی هەناردە بكات”.

بەگوێرەی ئەو پلانەی پێشتر جێبەجێكراوە، لە وەرزی زستاندا 50 ملیۆن مەتر چوارگۆشە و لە وەرزی هاویندا 70 ملیۆن مەتر چوارگۆشە گازی سروشیتی لەلایەن ئیرانەوە بۆ عێراق هەناردە دەكرا، بەڵام ئیستا 22 بۆ 23 ملیۆن مەتر چوارگۆشە هەناردە دەكات، وەك وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق ئاشكرای كردووە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتر، حەمید حسێنی، ئەندامی ژووری بازرگانیی هاوبەشی نێوان ئێران و عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئیلنا ڕایگەیاندووە، “حکومەتی عێراق بە بەهانەی مانەوەی سزاکانی ئەمریکا لەسەر بانکەکانی ئێران، خۆیان بە دوور دەگرن لە گەڕانەوەی ئەو پارەیەی کە قەرزارن”.

 

بابەتی پێشتر

پۆلیس لەسەر چوار تۆپ وایەر 5 گەنج دەستگیر دەکات

بابەتی دواتر

موقتەدا سەدر پشتگیری سەردانەکەی کازمی دەکات بۆ وڵاتانی کەنداو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share