ئەندامێکی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پشتیوانی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-16 بە تورکیا دەکات

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ بڕیاری فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-16 بە تورکیا راگەیاند.

بێن کاردین، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی زە هیڵ رایگەیاندووە، رێگە بە فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-16 دەدات کە لەلایەن کۆمپانیای لۆکهید مارتنەوە بەرهەم هێنراوە بە تورکیا، دوای ئەوەی ئەنقەرە رەزامەندی لەسەر بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ دەربڕی.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، “پەسەندکردنی داوای تورکیا بۆ کڕینی فڕۆکەی ئێف-16 بەرامبەر مەرجی پەسەندکردنی سوید بوو لە ناتۆ لەلایەن تورکیاوە”.

تورکیا بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک رێگری لە بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ کرد و فشاری دەخستەسەر ئەمریکا بۆ نەهێشتنی ئەو رێگریانەی لەلایەن بۆب مێنێندێز، سەرۆکی پێشووی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران بەسەر ئەنقەرەدا سەپێندرابوون و رێگری فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-16ی دەکرد بەو وڵاتە.

پێشتر تورکیا داواکارییەکی پێشکەش بە ئەمریکا کردبوو بۆ بەدەستهێنانی 40 فڕۆکەی جەنگی ئێف-16 کە لەلایەن کۆمپانیای لۆکهید مارتن بەرهەم هێنراون لەگەڵ نزیکەی 80 ئامێری نوێکردنەوە بۆ ئەو فڕۆکانەی ئێستا بەکاریاندەهێنێت.

بابەتی پێشتر

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت نزیکەی دوو هەزار کارمەند دووردەخاتەوە

بابەتی دواتر

هەفتەی داهاتوو ئۆپێک پڵەس ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دیاری دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share