نەجەف.. سێ خوشك دەبنە نێچیری باندێكی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤه‌وه‌

دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی نەجەف سزای بەسەر سێ كەسدا سەپاند بە تاوانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە، پاش تاوانباركردنیان بە بازرگانیكردن بە سێ كچی هەرزەكارەوە.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، لە ڕوداوێكدا باوكێك خۆی گەیاندووەتە هۆبەی ڕیشەكێشكردنی تاوانی ڕفاندن و ئاشكرایكردووە كە كچە هەرزەكارەكانی بە ناوەكانی (س، ص، ز) لە ماڵەكەیدا كە دەكەوێتە یەكێك لە ناوچەكانی سەر بە پارێزگای نەجەف ڕفێندراون.

باوكەكە بە ڕوداوەكەی نەزانیووە تا ئەوكاتەی هاوسەرەكەی لەخەو هەستاوە و لە ونبوونی كچەكانی و نەمانیان لەماڵەوە ئاگاداری كردووەتەوە، پاش گەڕان و وردبوونەوە بۆیان دەركەوتووە كە بەر لە دەرچوونیان جلوبەرگ و بڕی 75 هەزار دینار و مۆبایلی دایكیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

بەپێی بەیاننامەكە، كامێرای چاودێریی یەكێك لە بیناكانی دەوروبەر ساتی دەرچوونیان و گرتنی ئۆتۆمبێلێكی كرێ و ڕۆیشتنیانی بەرەو شوێنی نادیار تۆمار كردووە.

دوابەدوای ئاگاداركردنەوەكەشیان بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی نیشتمانی لە نەجەف لەڕێی مۆبایلەكەیانەوە شوێنی كچەكانی لە ناوچەی (حەی ئور) لە بەغداد دیاریكردووە.

پاش بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی دادوەریش، بەپێی بەیاننامەكە، هێزی ئەمنی گەیشتووەتە شوێنی تاوانلێكراوەكان و لە شوقەیەكی تاوانباران (ن.ع) و هاوسەرەكەی (ب.ن) و (ع.ح) دۆزراونەتەوە.

لای خۆیەوە دادگای تاوانی نەجەف سزای هەریەك لە تاوانباران (ن.ع) و (ع.ح) بە زیندانیكردنی هەمیشەیی داوە پشت بەست بە ئەحكامی مادەی 6/ یەكەم و دووەم و حەوتەم لە یاسای ڕیشەكێشكردنی بازرگانی بە مرۆڤ ژمارە 28ی ساڵی 2012، لەگەڵ غەرامەكردنی هەر یەكێكیان بە بڕی 25 ملیۆن دینار.

هەروەك تاوانبار (ب.ن) پشت بەست بە مادەی 247 لە یاسای سزادانی عێراقی بە سێ ساڵ زیندانی سزادراوە.

بابەتی پێشتر

عێراق سێ یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ فەڕەنسا واژووکرد

بابەتی دواتر

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: هێزی شەڕكەرمان لە عێراق دا نییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share