دوای هەشت ڕۆژ لە خۆپیشاندانەکانی خوزستان خامنەیی دەڵێت: هەرچی بکەن گلەییان لێناکەین

دوای هەشت ڕۆژ لە خۆپیشاندانەکانی خوزستان ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران هاتە دەنگ و دەڵێت، “خەڵکی خوزستان هەرچی بکەن گلەییان لێناکەین چونکە مافی خۆیانە لەو بارودۆخەدا ناڕازی بن”.

عەلی خامنەی، ڕابەڕی شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، “من لە نزیکەوە شاهیدی ئەوەم لە شەڕی ئێران و عێراقدا خەڵکی خوزستان چۆن بە گەنج و ژن و پیاوەوە بەرگریان لە خاکی ئێران دەکرد، بۆیە ئێستا ئەوان شایەنی ئەم ناڕەحەتییە نین”.

خامنەی سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان نوسیوویەتی، “خەڵکی خوزستان توڕەیی خۆیان نیشاندا، بەڵام ناکرێت گلەییان لێبکرێت چونکە لەو بارودۆخەدا و لەو کەش و هەوایەدا قورسە مرۆڤ بەبێ ئاو بژی”.

لە هەمان کاتدا عەلی خامنەی لەبارەی “پلانی دوژمنانی ئێران”ەوە هۆشداریدایە خەڵکی خوزستان و پێی وتن کە دەبێت لەبارەی ئەو هەوڵانەوە وریابن.

تا ئێستا هەشت کەس لە خۆپیشانداکانی خوزستان و ناوچەکانی دەوروبەری کوژراون، ڕاگەیەندراوەکەی خامنەیش بەوە ڕەخنەی لێگیرا کە نەچووەتە ژێر باری بەرپرسیارێتییەوە هیچ بڕیارێکی لەبارەی ئەو گرژییانەوە نەداوە.

لە کاتێکدا بەرزترین پلەی دەسەڵات لە ئێران لای عەلی خامنیەییە، بەڵام ئەو گلەیکرد کە “ئەگەر لەکاتی خۆیدا بە خزمەتگوزارییەکانی خوزستان ڕابگەشتنایە ئەوا ئێستا ئەو دۆخەیان نەدەبینی”.

بابەتی پێشتر

دژەتیرۆر: هەندێک کەس ناوی ئێمەیان بەکارهێناوە بۆ کاری نایاسایی و دەرکراون

بابەتی دواتر

لە ماوەی 24 کاتژمێردا سێ کەس لە زێی بچوکدا خنکاون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share