کازمی هەڕەشە لەو ئەندامانەی هێزە ئەمنییەکان دەکات کەمتەرخەمبوون

چەکدارانی داعش بەرپرسیارێتی خۆیان لە تەقینەوەکەی ئێوارەی دوێنێی ناوچەی سەدر ڕاگەیاند و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش هەڕەشە لەو ئەندامانەی هێزە ئەمنییەکان دەکات، کە کەمتەرخەمبوون و بوونەتە هۆی ڕوودانی تەقینەوەکە.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، مستەفا کازمی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی کردووە و ڕایگەیاندووە، “تیرۆریستان نەیانتوانیوە زەفەر بە هێزە ئەمنییەکان بەرن، بەڵام حەقی خۆیان لە خەڵکی بێتاوان کردەوە”.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کازمیدا سەبارەت بە تەقینەوەکە ئاماژە بەوەکراوە، “ئێمە سەرەخۆشی لە برایانمان دەکەین لە ناوچەی سەدر، دڵنیابن لەوەی هێزە ئەمنییەکان بە دوای تیرۆریستاندا دەچن و ئەوان لەسەر خاکی عێراق جێگەیان نابێتەوە”.

کازمی ڕاگەیاندووە، “تیرۆریستان دەیانەوێت هەرجۆرێک بێت کۆسپ بۆ عێراق دروستبکەن، پێشتر تاوەرەکانیان تەقاندەوە و ئێستا دەستیان چووەتە خوێنی خەڵکی بێتاوان”.

بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەر ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان کەمتەرخم بووبێت لە کارەکەی، ئەوا ڕوبەڕووی یاسا دەکرێتەوە و سزادەدرێت.

دوێنێ لە ڕۆژی عەرەفەدا، لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە بازاڕی وحیلاتی ناوچەی سەدری بەغداد 35 کەس کوژران و زیاتر له‌ 60 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون، لەناو کوژراوەکاندا منداڵ و ژنیش هەن.

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی: تەقینەوەکەی بەغداد مانای ئەوەیە هێشتا مەترسییەکانی تیرۆر ماون

بابەتی دواتر

ئەمریکا: لەگەڵ حکومەتێکی بەهێزین بۆ هەرێمی کوردستان لە عێراقێكی فیدراڵدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share