بافڵ تاڵەبانی: تەقینەوەکەی بەغداد مانای ئەوەیە هێشتا مەترسییەکانی تیرۆر ماون

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی هاوخەمی لە بارەی تەقینەوەكەی ناوچەی سەدری بەغداد بڵاوكردەوە و ئامادەیی و پشتیوانی یەكێتیشی بۆ ھەماھەنگیی و ڕوبەڕوبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و گەیشتن بە دیالۆگی نیشتمانی بونیادنەرانە لەپێناو سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتر لەنێوان ھەموو نەتەوە و پێکھاتە و ئاینزاکاندا دەربڕی.

بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، “وێڕای دەربڕینی پرسەوسەرەخۆشی بۆ قوربانییانی کردەوە تیرۆریستییەکەی ناوچەی سەدر لەبەغداد، ھیوای ھەرچی زووە بۆ چاکبوونەوەی برینداران دەخوازین”.

باسی لەوەشكردووە، “بەتوندترین شێوەش ئیدانەی ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە دەکەین کە ژمارەیەک ھاووڵاتی مەدەنی تێدا بوونە قوربانی.”

هاوسەرۆكی یەكێتی دەشڵێت، “ئەم ڕووداوانە ئەوەمان پێدەڵێت ھێشتا مەترسییەکانی تیرۆر ماون و پێویست دەکات بە یەکڕیزی، تەبایی و ھەماھەنگی ھەموولایەک زاڵبین بەسەر کێشەکان”.

 پێشیوایە، “ھەماھەنگی و ھاریکاری ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان لە ھەموو کات پێویستترە بۆ سەرکەوتن بەسەر کێشە ئەمنییەکان و فەراھەمکردنی ئاسایش و ئارامی زیاتر لە وڵات”.

بافڵ تاڵەبانی جەخت لەوەشدەكاتەوە، “لەو پێناوەشدا وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەی ھەموو پشتیوانی و ھەماھەنگییەکین بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش و گەیشتن بە دیالۆگی نیشتمانی بونیادنەرانە لەپێناو سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتر لەنێوان ھەموو نەتەوە و پێکھاتە و ئاینزاکاندا”.

لە كۆتایی پەیامەكەشیدا بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، “بەوھیوای ئاسایش و ئارامی زیاتر باڵبکێشێ بەسەر وڵات و گەلماندا”.

بابەتی پێشتر

گەشتوگوزاری هەرێم: پێشبینی دەكەین زیاتر لە 240 هەزار گەشتیار بێنە هەرێم

بابەتی دواتر

کازمی هەڕەشە لەو ئەندامانەی هێزە ئەمنییەکان دەکات کەمتەرخەمبوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share