شاندێکی حکومەتی تورکیا بۆ چارەسەری کێشەی ئاو سەردانی عێراق دەکات

کونسوڵی تورکیا لە موسڵ ئاشکرایکرد شاندێکی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی تورکیا بەمنزیکانە سەردانی عێراق دەکات، بۆ بەدواداچوونی دۆخی ئاو لە بەنداوی موسڵ.

محەممەد کۆجۆک کونسوڵی تورکیا لە موسڵ ڕایگەیاند، “ئاو دۆسیەیەکی گرنگە لەنێوان عێراق و تورکیا، بۆیە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کەسێکی پسپۆڕی لەو بوارەدا دیاریکردووە بەناوی پرۆفیسۆر فەیسەڵ ئۆغلۆ کە لەشاندەکەدا دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “تیمەکە لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ پێکهاتوون، کە کار لە فەرمانگەکانی حکومەتدا دەکەن و پسپۆڕن لە بواری ئاودا”.

بەرلە دوو هەفتە شاندێکی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو سەردانی تورکیایانکرد بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاوی ڕوباری دیجلە لەنێوان عێراق و تورکیا، بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیکدا شاندێکی حکومەتی تورکیا بەمەبەستی بەدواداچوونی ئاوی بەنداوی موسڵ بۆ بەسرە سەردانی عێراق دەکەن.

جەختیشیکردەوە، کە هۆکاری کەمئاویی زۆری ئەمساڵ لە عێراق کەمی بارانبارینە و تورکیا بەهیچ شێوەیەک ئاوی نەگرتووەتەوە.

ڕایگەیاندووە، “کۆمپانیاکانی تورکیا لە عێراق کاردەکەن لە پرۆژەکانی وەبەرهێناندا، ئێستا دوو کۆمپانیای گەورەی تورکی لە موسڵ لەبواری وەبەرهێناندا کاردەکەن کە یەکێکیان وێستگەیەکی کارکردنە لەسەر ئاوی قورس، پرۆژەیەکی دیکەشیان کۆکردنەوەی ئاوی باران و گەڕاندنەوەی بۆ ڕوباری دیجلەیە”.

عێراق سەرەڕای ئەوەی دوو ڕوباری گەورە بەناو خاکەکەیدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕوبارەکان سەرچاوەکانیان لە وڵاتانی دیکەوە دێت بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پێویست ماوەی چەند ساڵێكە گرفتی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا هەیە.

تێپەڕبوونی ئاوی بەنێو ڕووبارەكانی دیجلە و فورات بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە دابەزین كردووە، ڕاپۆرتێكی فەرمیی عێراق لەوبارەیەوە ئاماری مەترسیدار ئاشكرادەكات.

دەزگای ناوەندی ئاماری عێراق ڕاپۆرتێكی لەبارەی كەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەكانی دیجلە و فورات بڵاویکردووەتەوە، ئاشكرایكردووە، لە ساڵی 2020 تێپەڕبوونی ساڵانەی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات زیاتر لە 49 ملیار مەتر سێجا بووە، كە بەراورد بە ساڵی 2019 بەشێوەیەكی بەرچاو کەمیکردووە، بەو پێیەی لەو ساڵادا بڕەكە 93.47 ملیار مەتر سێجا بووە.

لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا ئاماری ئەمساڵی تێپەڕبوونی ئاو بە دوو ڕووبارەكەدا ئاشكراكراوە، ئێستا تێپەڕبوونی ساڵانەی ڕووباری دیجلە گەیشتووەتە 11.44 ملیار مەتر سێجا، هەروەها ڕووباری فوراتیش گەیشتووەتە 17.95 ملیار مەتر سێجا، بەوەش تێکڕای هەردوو ڕووبارەكە گەیشتووەتە 29.39 ملیار مەتر سێجا.

بابەتی پێشتر

خۆپیشاندانەکانی خوزستان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

بابەتی دواتر

ئالێگری و مۆرینیۆ خواستیان لەسەر ئیکاردییە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كازمی گەیشتە سنوور

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە سنوورەكانی نێوان عێراق و ئوردن. نووسینگەی میدیایی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە…
Total
0
Share