یاسای پێنج ئاڵوگۆڕ تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت؟

بۆردی نێودەوڵەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تایبەت بە داڕشتنەوەی یاساکان، زیاتر لە ساڵێکە یاسای پێنج ئاڵوگۆڕی بەکارخستووە و تاوەکو ئێستا بڕیار لە هەڵوەشاندنەوەی نەدراوە.

وەرزی 2019-2020 بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ڕاگیرا، مانگەکانی حوزەیران و تەموز و ئاب یاری تێدانەکرا و دواتر بەبڕیاری فیفا و بە پڕۆتۆکۆلی خۆپارێزییەوە یاری خولە ناوخۆییەکانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی جیهان دەستیپێکردەوە.

یاریزانان ماوەی دوو مانگ لە ماڵەکانیان بەبێ ڕاهێنان مابوونەوە، بۆیە بۆردی نێودەوڵەتی تۆپی پێ ( IFAB) بەناچإرییەوە چەند بڕیارێکی دەرکرد، یەکێک لەو بڕیارانە ڕێکەوتی هەشتی ئایاری 2020 دەرکرا، بریتی بوو لە ڕێگەدان بە ئەنجامدانی پێنج ئاڵوگۆڕی یاریزانان لە یەک یاریدا، هەروەها لە ئەگەری گەیشتن بە کاتە زیادکراوەکان دەکرێت ژمارەی ئاڵوگۆڕی یاریزانان بگەیەندرێتە شەش ئاڵوگۆڕ، یاساکەش تاوەکو کۆتایی 2020 کاریپێدەکرا و ئێستا حەوت مانگ بەسەر وادەکەدا تێپەڕیکردووە و بەردەوام نوێدەکرێتەوە.

پاساوی فیدراسیۆنەکە ئەوەبوو، یاریزانان لەڕووی جەستەییەوە ئاستیان دابەزیوە و لەئەگەری بەردەوام یاریکردنیان دووچاری ماندوبوون و پێکان دەبن، بەڵام ئەم پاساوە لەئێستادا لاوازە و سەرباری ئەوەش هیچ هەوڵێک بۆ گەڕانەوە سەر یاسای سێ ئاڵوگۆڕ بەدیناکرێت.

لە کۆتاییەکانی مانگی تەمموزی 2021 سەرەڕای ئەوەی تەنها دوو هەفتە مابوو بۆ کارکردن بە یاسای پێنج ئاڵوگۆڕ، دووبارە بۆردی نێودەوڵەتی تۆپی پێ بۆ پلان و گۆڕانکاری یاساکان درێژەی بەو وادەیەدا تاوەکو مانگی کانونی یەکەمی 2022.

بابەتی پێشتر

ڕیاڵ مەدرید ساڵانەی دارایی بە داهاتێکی خەیاڵییەوە تێپەراند

بابەتی دواتر

هەوڵی سوتاندنی نەخۆشخانەیەك لە نەجەف پوچەڵكرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share