هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی سوپای پاسداران ئەمجارە زانایانی ئەمریکی و بەریتانی دەکەنە ئامانج

بەپێی توێژینەوەیەکی ئەمنیی  کۆمپانیای (Proofpoint)ی تایبەت بە ئەمنی ئەلکترۆنی، بەشێک لە هاککەرەکانی سەربە سوپای پاسدارانی ئێرانی، هەڵمەتێکی نهێنییان دژی مامۆستایانی زانکۆ، شارەزایان و زانایانی ئەمریکا و بەریتانیا دەستپێکردووە، بەمەبەستی دزینی ئەو زانیارییە هەستیارانەی لای ئەوانە هەن.

لە ڕاپۆرتێکدا کە کۆمپانیاکە دوێنێ سێشەممە بڵاویکردەوە، ئەو گروپە ناویان (TA453) و (Charming Kitten)ە و لەمانگی کانونی دووەمی ئەمساڵەوە زیاتر توێژەر و شارەزایانی بەریتانییان لە زانکۆی لەندەن (SOAS) کردووەتە ئامانج.

توێژەرانی کۆمپانیای Proofpointی تایبەت بە ئەمنی ئەلیکترۆنی ڕایانگەیاندووە، کە ئەوان ناتوانن بڵێن ئەو گروپە هاککەرانە سەربە سوپای پاسدارانن، بەڵام دەتوانن بە متمانەیەکی تەواوە ئەوە پشتڕاستبکەنەوە گروپەکان زانیاریی هەواڵگری بۆ سوپای پاسداران کۆدەکەنەوە و لەوڕێگەیەوە هاوکارییان دەکەن.

هەڵمەتی ئەمدواییەی هاککەرەکان شارەزایان و توێژەرانی سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەورە شارەزایانی ناوەندە زانستییەکان  و ڕۆژنامەنوسان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردووەتەوە ئامانجی هێرشەکانیان، لەلایەکی دیکەشەوە هەموو ئەو کەسانەی زانیارییان لەبارەی سیاسەتی دەرەوە لایە، هەروەها ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە دەرەوە ئامانجێکی دیکەی هێرشەکان بوون.

شیرۆد دیگریبۆ بەڕێوەبەری یەکەم بۆ توێژینەوە لە مەترسییەکانی کۆمپانیاکە دەڵێت، “بایەخی زۆری هاککەرەکان بۆ ئەوانەن کە زیان بە ئێران دەگەیەنن، بەبەکارهێنانی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانیان بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و پاڵپشتیکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران”.

دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا نیگەرانیی قوڵی خۆی سەبارەت بە توانا ئەلیکترۆنییەکانی ڕوسیا، چین، ئێران و کۆریای باکوور ئاشکراکرد، لە نوێترین لێدوانیدا لەوبارەیەوە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا دەڵێت، “توانای ئێران و شارەزاییان بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ ئاسایشی تۆڕی زانیارییەکان و داتاکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی”.

بابەتی پێشتر

بایدن كۆمارییەك دەكاتە باڵیۆزی وڵاتەكەی لە توركیا

بابەتی دواتر

تەندروستیی عێراق: لە ڕووداوی نەخۆشخانەكەی زیقار 60 كەس گیانیان لەدەستداوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share