تۆمارێکی دەنگی سەرۆکی ڕیاڵ مەدرید ئەفسانەکانی توڕەکردووە

تۆمارێکی دەنگیی فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید بڵاوبووەتەوە، تیایدا سوکایەتی بە ئەفسانەکانی یانەکە دەکات.

ماڵپەڕی “ئیل کۆنفیدینسیال”ی ئیسپانی تۆمارێکی دەنگیی فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی شاهانەی بڵاوکردووەتەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2006 دوای ئەوەی دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتی یانە کێشاوەتەوە.

پێرێز لە تۆمارەکەدا ئەوپەڕی سوکایەتی بە ئیکەر کاسیاس و ڕاوول گۆنزالێس دەکات و دەڵێت، “کاسیاس ئەو گۆڵپارێزە نییە کە شایستەی یانەی ڕیاڵ مەدرید بێت، دەتەوێت چی بڵێم، هەرگیز لە ئاستی ڕیاڵدا نەبووە و ناشبێت، گەورەترین شکستی ئێمە بوو، بەڵام ئەوەی ڕوودەدات هاندەرێکی زۆر ئاشقیبوون و لەبارەیەوە قسەدەکەن، نازانم، بۆچی پاڵپشتی دەکەن، پێموایە ئەو یەکێکە لە درۆ گەورەکانی جیهانی وەرزش و یانەکەمان، درۆی دووەمیش بریتییە لە ڕاوول گۆنزالێس، هەردووکیان دوو درۆی گەورەی یانەکەمان بوون، ڕاوول وا مامەڵە دەکات وەک ئەوەی بڵێی ڕیاڵ مەدرید موڵکی خۆی بێت”.

سەرۆكەكەی مەدرید هەروەها دەڵێت، “یاریزانەکان خۆپەرستن، هەرگیز ناتوانیت پشتیان پێببەستیت، ئەوەی پشتیان پێببەستێت هەڵەی گەورە دەکات، بەپێی هەڵوێستی ئەوان هەنگاو بنێیت بە ڕاکشاوی بەجێتدەهێڵن، شتێکی بێبایەخە، بۆچوونی من لەبارەی یاریزانانەوە جیاوازە”.

سەرۆکە مێژووییەکەی شاهانە لە درێژەی لێدوانەکانیدا بە شان و باڵی زینەدین زێدان و داڤید بێکهامدا هەڵدەدات و دەڵێت، “ئەو دووانەیە باشترینن، ناوازەن”.

لە بارەی ڕۆناڵدۆی دیاردە و سەرۆکی ئێستای یانەی بەلەد وەلیدیشەوە دەڵێت، ” یاریزانێکی بەتوانایە، بەڵام مۆڕاڵی نییە و بێڕەوشتە”.

تۆمارە دەنگییەکە لەنێوەندی یانەی شاهانە هەرای ناوەتەوە، چونکە پێرێز لە دوای ئەو وادەیە سێجاری دیکە پۆستی سەرۆکایەتی یانەی بەدەستهێناوە، لە ماوەی ڕابردووشدا کێشەی لەگەڵ چەندین یاریزان لەنمونەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، ڕامۆس و گاریس بەیلدا هەیە.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانی كوردستان لیژنەكەی لەسەرخۆی پێكنەهێنا

بابەتی دواتر

پۆچتینۆ لەپێناو یاریکردنی ڕامۆس پێکهاتەکانی دەگۆڕێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share