گیانلەدەستدان بەهۆی ئاگری نەخۆشخانەكەی زیقار بەرزبووەوە بۆ 64 كەس

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئاگرەكەی نەخۆشخانەی توشبووانی كۆرۆنا لەزیقار بەرزبووەوە بۆ 64 كەس، ئیدارەی پارێزگاكە باری نائاسایی ڕاگەیاند و سێ ڕۆژ كرایە پشوو.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، بەهۆی ئاگركەوتنەوەكەی شەوی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی “ئیمام حوسێن”ی تایبەت بەكۆرۆنا، تا ئێستا 64 كەس گیانیان لەدەستداوە.

هاوكات تەندروستی زیقار ئاشكرایكردووە، ئاگارەكە بەهۆی نەبوونی مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ بوتڵی ئۆكسجینی نەخۆشخانەكە ڕوویداوە.

ئیدارەی پارێزگاكەش باری نائاسایی ڕاگەیاند و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ پشووی لەفەرمانگەكان ڕاگەیاند.

لەلایەكی دیكەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق درەنگانی شەوی ڕابردوو، لەبارەی هۆكاری ئاگركەوتنەوە لە نەخۆشخانەكە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاكە ئەنجامدا.

لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لیژنەیەكی باڵا لێكۆڵینەوە لە هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە بكات و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەش لەكارلادرا، ماتەمی گشتیش لە وڵات ڕاگەیەنرا.

هەر لە درێژەی كاردانەوەكان د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ڕایگەیاند، پێویستە لێكۆڵینەوەی خێرا لە ڕووداوەكە بكرێت و ئەوانەی كەمتەرخەمبوون لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت.

بەرهەم ساڵح هۆكاری ئاگركەوتنەوەی لە نەخۆشخانەكانی عێراق گەڕاندەوە بۆ خراپی ئیدارەدان و وتی، “بەرهەمی گەندەڵییە”.

محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش ڕایگەیاند، دانیشتنەكەی ئەمڕۆیان تەرخاندەكەن بە ڕووداوی ئاگركەوتنەوە لە نەخۆشخانەكەی زیقار.

بابەتی پێشتر

قسەی قوباد تاڵەبانی لەبارەی دوو ساڵی کارکردنی کابینەی نۆیەم

بابەتی دواتر

حکومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕی بۆ پێشوازیکردن لە بریندارەکانی ڕووداوەکەی زیقار

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share