گەنجێکی کورد لە زیندان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

عادل وێنەیەکی لەسەر قەڵای هەولێر گرتووە فۆتۆ: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
بەندکراوێکی سیاسی کورد لە زیندانێکی شاری ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ناڕەزایەتی لە حوکمی دادگا و هەڵسوکەوتی بەڕێوبەرانی زیندان لەگەڵیدا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

عادل موکەرەم، گەنجێکی تەمەن 30 ساڵی خەڵکی شاری ورمێیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ساڵی ڕابردوو لە سنوری تورکیا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکرا و ڕەوانەی ئێران کرایەوە.

عادل موکەرەم کە پێشتر بەهۆی ناڕەزایەتییەکانیەوە مانی لە خواردن گرتبوو و دەمی دوریبویەوە ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەم لەبەردەم جێگری بەڕێوبەری زیندانی ناوەندی شاری ورمێ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و قاچێکی بە قورسی سوتاوە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوبەرانی زیندانی ناوەندی ورمێ بەڵێنیان پێداوە کە دەست لە مانگرتنەکەی هەڵبگرێت کۆمەڵێک چاکسازی لە حوکمەکەیدا دەکەن، بەڵام بەڵێنەکەیان نەبردووەتە سەر.

سەرەڕای ئەوەی دادگای ناوەندی ورمێ تۆمەتی چونەدەرەوەی نایاسایی لە وڵات بەسەر عادلدا سەپاندووە، تۆمەتی ئەندامبوونیشیان لە حزبی دێموکراتی کوردستان بەسەر ئەو بەندکراوە کوردەدا سەپاندووە.

عادل پێشتر لە ساڵی 2019 دا جارێک سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و ئەوەش بووە بە گومانێک لەسەری کە پێدەچێت پەیوەندی لەگەڵ حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات گەرموگوڕ بووە.

بابەتی پێشتر

كازمی: هیچ كەسێك لەبەردەم یاسادا گەورە نییە

بابەتی دواتر

ئیسرائیل و بەحرەین یەكەم گەشتی بازرگانییان بە ئاسمانی سعودیە دا كرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share