تاڵیبان لە ڕوسیاوە کۆنترۆڵی 85%ی ئەفغانستانی ڕاگەیاند

دوێنێ چەکدارانی تاڵیبان گەیشتنە خاڵی سنوری (ئیسلام قلعە) لە سنوری ئێران

وتەبێژێکی چەکدارانی تاڵیبان لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیاوە، ڕایگەیاند، چەکدارەکانیان ٪85ی خاکی ئەفغانستانیان کۆنترۆڵکردووە و گەیشتوونەتە سنوری دوو وڵاتی دراوسێ.

زەبیحوڵا مجاهید، وتەبێژێکی تاڵیبان لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیاوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “لەگەڵ پێشڕەوییەکانمان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ئەفغانستان دڵنیایی دەدەین، کە خاکی ئەفغانستان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکارناهێنرێت”.

وتەبێژەکەی تاڵیبان ئاشکرایکرد، “ئێستا چەکدارەکانی تاڵیبان خاڵی سنوری (ئیسلام قەڵعە)یان کۆنترۆڵکردووە، کە گرنگترین خاڵی سنورییە لەگەڵ ئێران، هاوکات بەشێک لە سنوری ئەفغانستان و تورکمانستان کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی چەکدارەکانەوە”.

ئەو بەرپرسەی تاڵیبان ڕاشیگەیاند، ڕێگە نادەن هیچ گروپێکی چەکداری دیکە، لەوانە داعش لەناو خاکی وڵاتەکەیاندا بێت.

لە دوای کشانەوەی ئەمریکا و هێزەکانی ناتۆ، ڕوسیا دەرگای بۆ شاندەکانی تاڵیبان کردووەتەوە، تا گفتوگۆ و تاوتووێی ئەفغانستانی نوێ بکەن،

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا داوای لە هەموو لایەنەکانی ئەفغانستان کردووە خۆیان ببوێرن لە هەر کاردانەوەیەکی توند، کە وڵاتەکە بەرەو جەنگی هیلاککەر ببات.

بزوتنەوەی تاڵیبان یان جیهادییەکانی ئەفغانستان لە ساڵی 1979 وە بە هاوکاری وەرگرتن لە ئەمریکا توانیان دوای شەڕێکی قورس، یەکێتی سۆڤییەت لە ئەفغانستان بەدەربنێن، دواتر ئەو هێزە لە ساڵی 2001 ەوە شەڕی لەگەڵ ئەمریکا دەستپێکرد، ئیستاش دوای کشانەوەی ئەمریکا هاوپەیمانێکی دیاری ڕوسیایە.

بابەتی پێشتر

ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ: ئێران هەڕەشەی لە دوو کارمەندمان کردووە لە هەولێر

بابەتی دواتر

ئەو پێشمەرگەیەی لەگەڵ دوو منداڵەکەی کوردستانیان جێهێشت، گەیشتنە ئیتاڵیا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share