سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان زیادكردنی دوو بڕگەی بۆ كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ نەخستە كارنامەی دانیشتنەكەیەوە، كە تایبەت بوون بە هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی موچە و دامەزراندنی یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان و فەرمانبەرانی گرێبەست.
دوێنێ لە یاداشتێکدا 27 پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان داوایان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان كرد، دەنگدان لەسەر نەهێشتنی لێبڕینی 21%ی موچە بۆ کارنامەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان زیاد بکرێت.
ئەو 27 پەرلەمانتارە لە یاداشتەكەیاندا، كە ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانیان کردبوو، داوادەكەن بەمەبەستی دەکردنی بڕیارێک بۆ پابەندکردنی حکومەت بە گەڕاندنەوەی داهاتەکان بۆ خەزێنەی گشتی و کۆتاییهێنان بە لێبڕینی 21%ی موچە و دابەشکردنی موچە بەپێی یاسا، ئەو بڕگەیە بۆ دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان زیادبكرێت.
لەلایەكی دیكەوە هەر دوێنێ 15 پەرلەمانتار لە یاداشتێكی دیكەدا داوایان لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد، بڕگەیەکی دیکە بۆ کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان زیادبکرێت، لەبارەی چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ و سێ یەکەمەکانی زانکۆ و یەیمانگاکان لەگەڵ فەرمانبەرانی گرێبەست بەئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار.
بەڵام بەپێی ئەو كارنامەیەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڵاویكردووەتەوە، بەبێ ئەوەی ئەو دووبڕگەیە زیادبكرێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە پهرلهمان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکانی هەمواری یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو کەرتی تایبەت و تێکەڵاو، هەروەها هەمواری یەکەمی ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت و پڕۆژەیاسای بەرکارکردنی یاسای ڕەسمی پولی عێراق، كۆدەبێتەوە.