كازمی بۆ ڕێگری لە هێرشەكان پەنا بۆ سوپای پاسداران دەبات

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق

بۆ تاوتوێكردنی هێرشەكانی ئەمدواییە سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سەرۆكی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامدەدات و داوایەكی ڕوبەڕوو دەكاتەوە.

سایتی (RT)ی ڕوسی لەسەر زاری سەرچاوەیەكی نزیك لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، حسێن تائیب، سەرۆكی هەواڵگریی سوپای پاسداران شەوی ڕابردوو بەیاوەری شاندێكی باڵا گەیشتووەتە نوسینگەی كازمی و دیدارێك لەنێوانیاندا دوور لە میدیاكان و تەنانەت بەبێ ڕاگەیەنراوی فەرمیی نوسینگەكانیان ئەنجامدراوە.

وتیشی، “كازمی پەیامێكی بە تائیب داوە دەربارەی ڕۆڵی گروپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێران و، ئەوەی ئەنجامی دەدەن لە بە ئامانجگرتنی نێردە دیبلۆماسییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق”.

سەرچاوەكە لەسەر زاری كازمی-شەوە وتی، “ئەوەی ڕوودەدات لە بۆردومان و بەئامانجگرتنەكان، كاریگەری لەسەر ڕێڕەوی وتووێژەكانی ئەمریكا-ئێران دەبێت، كاریگەریشی لەسەر خشتەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەبێت”.

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاگاداری سەرۆكی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی كردووە لەبارەی پێویستیی وەستاندنی ئەو بۆردومانانە بە هەماهەنگی نێوان پاسداران و ئەو گروپانە، وتوشیەتی ئەو كارانە كردەوەی تیرۆرستین و بەرگری (مقاوەمە) نین، وەك ئەوەی سەرچاوەكە جەختی لێكردوەتەوە.

ئەوەشی ئاشكراكرد، “تائیب بە كازمی ڕاگەیاندووە كە ئەو بۆردومانانەی ئەنجامدەدرێن هیچ پەیوەندییەكیان بە سوپای پاسداران و ئەو گروپانەوە نییە كە هەماهەنگییان لەگەڵیاندا هەیە”.

بەپێی وتەی ئەو، “سەرۆكی هەواڵگری بۆ سەرۆك وەزیرانی دوپاتكردوەتەوە كە تاران لەگەڵ زیادكردنی بارگرژییەكاندا نییە و، باوەڕیشی وایە كە دەبێتە هۆی ئاراستەكردنی وتووێژەكانی نێوان تاران و واشنتن بەرەو ڕێگایەكی داخراو”.

هەوڵەكەی كازمی لەكاتێكدایە ماوەیەكە هێرش بە موشەك و لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بۆسەر نێردە دیبلۆماسییەكان و ئامانجەكانی ئەمریكا لە بەشێك لە شارەكانی عێراق و هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان زیادیانكردووە.

دواهەمینیان ئەو هێرشە موشەكییە بوو كە ئەمڕۆ كرایەسەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو هێرشێك بۆسەر فڕۆكەخانەی هەولێر ئەنجامدرا.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانتارێكی كورد هۆكاری نەناردنی 200 ملیار دینارەكە ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

عێراق بۆ ماوەی هەفتەیەك قەدەغەی هاتوچۆی درێژكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share