سەرۆكوەزیرانی نیوزلەندا بۆ ویلایەتی دووەم هەڵبژێردرایەوە

لە هەڵبژاردنی گشتیی وڵاتەكەیدا جاسیندا ئەردیرن، سەرۆكوەزیرانی نیوزلەندا سەركەوتنی بۆ ویلایەتی دووەم بەدەستهێنا، سەركەوتنیشی بەسەر هەردوو قەیرانی “تەقەكردنی دوو مزگەوت و كۆرۆنا” بە كلیلی دووبارە هەڵبژاردنی دادەنرێت.

دوابەدوای جیاكردنەوەی زۆرینەی دەنگەكان لەو هەڵبژاردنە گشتییەی ئەمڕۆ یەكشەممە 17ی تشرینی یەكەم ئەنجامدرا، پارتی كرێكارانی لیبڕاڵی بە سەرۆكایەتی ئەردیرن ڕێژەی 49%ی دەنگەكانی چنییەوە بەرامبەر 27% بۆ ڕكابەرە سەرەكییەكەی پارتی نیشتیمانیی پارێزگار.

لە وتاری سەركەوتنیشدا لە بەردەم سەدان كەس لە لایەنگرانی لە ئۆكلاند، ئەردیرن وتی، پارتەكەی پشتیوانیی زیاتری نیوزلەندییەكانی بەدەستهێناوە زیاتر لە هەر كاتێك لەماوەی لانیكەمی 50 ساڵی ڕابردوودا.

وتیشی، “هەڵبژاردنەكان ئاسایی نەبوون، كاتەكەشی ئاسایی نەبوو”.

بەڵێنی بە لایەنگرە نوێیەكانیشدا كە چاوپۆشییان لێناكات و حوكمی سەرجەم نیوزلەندییەكان دەكات.

ئەردیرن (تەمەن 40 ساڵ) لە ساڵی 2017 بووە براوەی ئەو پۆستە باڵایە كاتێك پارتی كرێكاران هاوپەیمانی لەگەڵ دوو پارتی دیكەدا ئەنجامدا، لە ساڵی دواتریشدا بووە دووەم سەركردەی جیهان كە منداڵی ببێت لەكاتی بوونی لە پۆستەكەدا.

ئەردیرن بووە نمونەیەكی باڵا بۆ ئافرەتانی كاركەر لە سەرجەم ناوچەكانی جیهان، هەروەك زۆرێك وەك نمونەیەكی پێچەوانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دەیبینن.

مامەڵەكەشی لە كاتی ڕوداوەكەی ساڵی ڕابردوو بۆ سەر دوو مزگەوت لە كرایسچیرش، كاتێك لەلایەن كەسێكی چەكدارەوە 51 نوێژخوێنی موسوڵمان كوژران زیاتر لە ناوخۆ و جیهاندا ناساندی، جگە لەوەی دوای ڕوداوەكە هەنگاوی خێرای نا بۆ دەركردنی یاسای نوێ كە زۆرینەی جۆرە چەكەكان قەدەغە دەكات.

بابەتی پێشتر

كازمی لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكەی بەغداد پێكهێنا

بابەتی دواتر

ئەردۆغان دۆزینەوەی 85 ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share