چاوشینەکانی نەوت، دیلۆیت و شەفافیەت.. 80 ملیۆن دۆلار قەرەبووی گەندەڵی

وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی كوردستان، كە لەدوای وەرگرتنی پۆستەكەوە هیچ دەركەوتنێكی نەبوو، دوێنێ لە پەرلەمانی كوردستان هاوشانی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، دەركەوت، هەڕەشەی “پارچەپارچەكردن”ی گەندەڵكارانیشی كرد، ئەگەر كۆمپانیا بیانییەكانیش بن، لەو چوارچێوەیەدا نوێترین كەیسی گەندەڵیی كۆمپانیای دیلۆیت دەخەینەڕوو، كە بۆ سەرەتای ئەم مانگە دەگەڕێتەوە.

لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا کەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم قسەی لەبارەی شەفافی و نەبوونی گەندەڵی لە کەرتی فرۆشی نەوتدا دووپاتکردەوە، بەزمانی هەڕەشەش قسەی كرد و ڕایگەیاند، “ئەوەی گەندەڵی بکات دەیکەم بە 100 پارچەوە، ئەگەر ئەجنەبییە چاوشینەکانیش بن”.

باسکردنی “چاوشینەکان” لە کەرتی نەوتدا بۆ ئەم ناوچەیە نوێ نییە، بەو پێیەی محەمەد ڕەزا شای ئێران، پێش ڕووخانی و لە 70کانی سەدەی ڕابردوو ڕایگەیاند، “کاتی ئەوە هاتووە باج بە چاوشینەکان نەدەین”، ئەم قسەیە لە سەردەمی خۆیدا بۆ نیشاندانی بەنیشتمانیکردنی تەواوەتیی نەوت و نەهێشتنی گەندەڵی لەو کەرتەدا لێکدرایەوە و شای ئێران وەک پاڵەوانی بەنیشتمانیکردنی نەوت دەردەکەوت.

دوێنێ وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمیش ڕایگەیاند، “ئەوەی گەندەڵی بکات ئەیکەم بە 100 پارچەوە، ئەگەر ئەجنەبی و چاوشینەکانیش بیکەن”.

ئەم قسەیەی وەزیری سامانە سروشتییەکان، هاوکاتە لەگەڵ ئاشکرابوونی پێدانی 80 ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیای دیلۆیتی بەریتانییەوە بە حکومەتی مالیزیا، ئەمەش وەک قەرەبوو لە تێوەگلانی لە گەندەڵیدا.

کۆمپانیای دیلۆیتی بەریتانی، کە كۆمپانیایەكی بیانیی “چاوشینەكانە” و هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنی لەگەڵ كردووە بۆ وردبینیكردن لە كەرتی نەوتی هەرێم بەمەبەستنی شەفەفیەت، لە سەرەتای ئەم مانگەدا بڕی 80 ملیۆن دۆلاری وەک قەرەبووی گەندەڵی بۆ حکومەتی مالیزیا پەسەندکردووە.

پێشتریش چەندین دۆسیەی دیكەی تایبەت بە گەندەڵی یەخەی دیلۆیتی گرتووە و ناچار بووە قەرەبوو بداتەوە، یان گرێبەستەكانی لەگەڵ لایەنی بەرامبەر هەڵوەشێتەوە، بەڵام هێشتا حكومەتی هەرێم سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە كاركردن لەگەڵ دیلۆیت و دەڵێت، “بەشێكە لە دەستپێشخەریی تایبەت بە شەفافییەت لە بەرنامەی كاری حکومەتی هەرێمی کوردستان”.

بەهۆی زۆریی تێچووی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە، ئێستا حکومەتی هەرێم نزیکەی 50٪ی ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێت، بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەچێت، کە وەزیری سامانە سروشتییەکان بە “چاوشینەکان” ناویان دەبات.

لەو چوارچێوەیەدا بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی كۆمپانیای دیلۆیت لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم و خەرجی و داهات لە ساڵی ڕابردوو بڵاویكردەوە، لە تەواوی ساڵی 2020 هەرێمی كوردستان نزیكەی 166 ملیۆن بەرمیل نەوتی بە بۆری هەناردەکراوە.

دیلۆیت ئاشكرایكردووە، داهاتی نەوتی هەناردەکراو لەساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 4 ملیار و 448 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام پاش لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەی نەوت، تەنها نزیکەی دوو ملیار و 345 ملیۆن دۆلار  ڕادەستی حکومەتی هەرێم کراوە.

بۆیە بەپێی ڕاپۆرتەكەی دیلۆیت، هەرێمی كوردستان لە فرۆشتنی نەوتدا كەمتر لە نیوەی داهاتی فرۆشتنەكەی بۆ دەگەڕێتەوە و ئەوەی دیكەی دەچێت بۆ كۆمپانیا جیاوازەكانی تایبەت بە دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتەكە.

سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش لە جیهاندا، حکومەتی هەرێم دەڵێت، قەرزەکانی زیاتر بووە و ئێستا زیاتر لە 31ملیار دۆلارە، سەرەڕای بەردەوامیی لێبڕینی موچە، سستیی كاركردن لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و هەروەها وەستاندنی دامەزراندنی خەڵك لەماوەی نزیكەی 8 ساڵی ڕابردوودا.

بابەتی پێشتر

هاوڵاتییەک لە سلێمانی بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر چەند پرسێك كۆدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share