قەیرانێکی دیکە.. مێسی و پیکێ ناڕازین و شتیگن پاڵپشتی ئیدارەی بارسا دەکات

 

سەرۆکایەتی یانەی بەرشلۆنە بە فەرمی داوای ڕەزامەندی لە یاریزانانی یانەکە کردووە بۆ کەمکردنەوەی موچەی ساڵانە، ئەم داواکارییەش یاریزانانی کردووە بە دوو بەشەوە.

ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، بەهۆی قەیرانی دارایی و لەدەستدانی زیاتر لە 90 ملیۆن یورۆ داهاتی ساڵانە، ئیدارەی ئازولگرانا بۆ پڕکردنەوەی کەلێنە داراییەکان داوای لە یاریزانان کردووە ڕەزامەندی نیشانبدەن بە کەمکردنەوەی لەسەدا 30ی موچەکانیان بۆ وەرزی 2020/2021، بڕیاریشە چوارشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی نێوان نوێنەری یاریزانان و ئیدارەی یانە ئەنجامبدرێت.

ئەم داواکارییەی ئیدارەی بارتۆمیو دوای ئەوەدێت کە لە مانگی ئازاری 2020 بە ڕێژەی لەسەدا 70ی موچەی یاریزانانی کەمکردووەتەوە، واتا دووەمجارە یارمەتی لە یاریزانانی دەکات.

ڕادیۆ کەتەلۆنیا لەم بارەیەوە ئاماژەی بە دروستبوونی دووبەرەکی کردووە لە نێوان یاریزانان، مێسی سەرکردایەتی بەشێک لە یاریزانان دەکات کە جێرارد پیکێ و سێرجی ڕۆبێرتۆ و بۆسکێتسی تیادایە و ڕەتیدەکەنەوە ڕێپێدانی دارایی بە یانەکەیان بدەن لە پێناو کەمکردنەوەی موچەکانیان، بەڵکو پێیان وایە ئەوەی ڕوودەدات خراپی پلاندانانی بارتۆمیو و هاوەڵانیەتی بە پێچەوانەی یانەکانی دیکەوە کە سەرکەوتوبوون لە خۆپاراستن لە شکستی دارایی.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی نوسیویەتی، ئەندرێ تێر شتیگن لەسەروبەندی ئەو یاریزانانەیە کە بە داواکاری ئیدارەی یانە قایلبوون، لە گروپەکەیدا هەریەک لە کلیمۆنت لانگلێت و فرینکی دی یۆنگ بوونیان هەیە.

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەی نێوان نوێنەری یاریزانان و ئیدارەی بارسا ئەنجامبدرێت، بەڵام بەشێکی زۆری یاریزانان ڕەتیانکردووەتەوە ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجامبدەن.

بابەتی پێشتر

شڤاینشتایگەر: ئەگەر ڕاهێنەری ئەڵمانیا بوومایە دوو یاریزانم دەگەڕاندەوە

بابەتی دواتر

وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێکی لەبارەی خوێندنی ئەمساڵەوە دەرکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share