یۆنامی: سزادانی چالاكوانان پێویستیی چاكسازی لە دادوەریی هەرێم دووپاتدەكاتەوە

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، بڕیاری سزادانی چالاكوانانی بادینان پێویستیی چاكسازی لە سیستمی دادوەری دووپاتدەكاتەوە و بە “چەوتیی بڕیاردان” ناویدەبات.

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یۆنامی) ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “بەداخەوە بڕیارەکەی دوێنێی دادگای پێداچوونەوەی هەولێر دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، کە ئەنجامدانی چاکسازیی دامودەزگاییانە لە سیستمی دادوەری لەوپەڕی پێویستیدایە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا”.

یۆنامی ئەنجامدانی چاكسازی بە پێویست ناودەبات “بۆ پێشگرتن لەم جۆرە بە چەوتی بڕیاردانە لە ئایندەدا”.

دوای تۆماركردنی داوا یاسایی پارێزەرانی چالاكوانان تایبەت بە ڕاستكردنەوەی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە دەربارەی بڕیاری سزادانی پێنج لە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی بادینان، لە 3ی ئەم مانگە دۆسیەكە ئاراستەی دادگای پێداچوونەوە كرایەوە بەمەبەستی ڕاستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوەكە.

چاوەڕوان دەكرا لەلایەن دادگاوە سزای چالاكوانان هەڵبگیرێت یان سوك بكرێت، بەڵام دادگا دووبارە سزاكەی وەك خۆی پەسەندكرد و دوێنێ تیمی پارێزەران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وردەكارییەكەیان ئاشكراكرد.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆشدا ئاشڵی دورێک، بەرپرسی نوسینگەی کەنەدا لە هەولێر ڕایگەیاند، “نائومێدین لە پەسەندکردنی بڕیاری دادگا سەبارەت بە سزای ڕۆژنامەنووسانی بادینان”.

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پەسەندکردنی سزای بەندکراوانی بادینان بەردەوامە و بەر لەویش باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق بڕیارەکە بە ڕێکارێکی نایاسایی و دوور لە مافی مرۆڤ ناودەهێنێت.

مارتین هوس، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، لەبارەی پەسەندکردنی سزای بەندکراوانی بادینانەوە ڕایگەیاندبوو، “نیگەران بووم لە ئەو بڕیارەی دەرچوو لەلایەن دادگای هەولێر و جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە ئەو پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە 6 ساڵ بەند دەکرێن، سەرەڕای ئەو ڕێکارە ناڕاست و ناتەندروستەی بەرامبەریان کراوە، کە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەکانەوە ئاماژەی پێکراوە”.

بابەتی پێشتر

سبەی دەنگ لەسەر دروستکردنی دوو قەزا و گوندێک لە سلێمانی دەدرێت

بابەتی دواتر

بەهۆی هەڵەی هاندەرێکەوە 50 بایسکیڵسوار برینداربوون !

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share