بە فەرمانی بایدن، ئەمریکا بە فڕۆكە هێرشی كردە سەر حەشدی شەعبی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بە فڕۆکەی جۆری F-15 و F-16 هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر گروپە چەکدارە عێراقییەکانی سەر بە ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سوریا ئەنجامدا.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، بە فەرمانی جۆ بایدن هێرشێکی ئاسمانیی وردییان بۆسەر بارەگاکانی گروپە چەکدارەکانی سەربە ئێران لە سنوورەکانی نێوان عێراق و سوریا ئەنجامداوە.

پێنتاگۆن ئاشکرایکردووە، هێرشەکانیان ئەو گروپە چەکدارانەیان کردووەتە ئامانج کە بەشدارییان کردووە لەو هێرشانەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە سەر بارەگا و نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا لە عێراق.

جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەو شوێنانەی ئاشكراكردووە، كە لە هێرشەکەدا کراونەتە ئامانج، دەڵێت، ئەو بارەگایانە بوون، کە گەنجینەکردنی چەک و بنکەی ئەنجامدانی هێرشەکانی سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا بوون، ئەو بنکانە لەلایەن گروپەکانی سەربە ئێرانەوە بەکارهێنراون، لەوانەش کەتیبەکانی حزبوڵا و کەتیبەکانی سەید ئەلشوهەدا.

سەبارەت بە هۆکاری هێرشەکەش وتەبێژی پێنتاگۆن دەڵێت، “سەرۆک بایدن بەڕوونی ڕایگەیاند ناوەستین لە پاراستنی ئەمریکییەکان، دوای ئەو هێرشانەی لەلایەن ئەو گروپانەوە بۆسەر دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامدران، فەرمانی پێکردین وەڵامدانەوەمان هەبێت و چالاکییە سەربارزییەکانمان زیاتر بکەین”.

كێربی جەختیکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داوای حکومەتی ئەو وڵاتە و بۆ یەک مەبەست لە عێراقدا هەن، کە هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکانە لە ڕوبەڕوبوونەوەی چەکدارانی داعشدا.

وتیشی، “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕێکار و هەنگاوی پێویستی پلانبۆداڕێژراو دەگرێتەبەر بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەو مەترسییانەی لەسەریەتی لە عێراق، بەڵام ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو گروپانە”.

وتەبێژەكەی پێنتاگۆن ڕوونیشیکرەوە، “لەڕووی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە، ئەمریکا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات و ئەو هێرشانە پێویستن بۆ دانانی سنوورێک بۆ مەترسییەکان، سەبارەت بە یاسا ناوخۆییەکانیش سەرۆک بایدن ئەو بڕیارەی بە پشتبەستن بە یاسای دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی داوە، کە لە ماددەی دوودا هاتووە بۆ بەرگریکردن و پاراستنی هاوڵاتییانی ئەمریکی لە عێراق”.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) بەلجیکا بە تێپەڕاندنی پۆرتوگال سەرکەوت بۆ چارەکی کۆتایی یورۆ

بابەتی دواتر

مەزڵوم عەبدی داواکاری ئاڕاستەی هاوپەیمانان دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share