کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق جەخت لە گرتنەبەری سەرجەم ڕێوشوێنەکان دەکاتەوە و ئەندامێکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش دەڵێت، بەهۆی نەبوونی ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا زیاتر لە ملیۆنێک دەنگدەر ناتوانن دەنگبدەن.
فازل غەڕاوی ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، دەنگدان مافێکی دەستوورییە و دەبێت حکومەت پارێزگاری لێبکات، سەرجەم ڕێکارەکانی پەیوەست بە دابینکردنی ئەو مافە بگرێتەبەر.
غەڕاوی ئاماژەی بەوەکردووە، لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقدا ملیۆنێک و 500 هەزار هاوڵاتیی عێراقی، کە مافی دەنگدانیان هەیە و لەدایکبووی 2001، 2002 و 2003ن، بەهۆی ئەوەی ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا نییە و پسوڵەی بایۆمەترییان پێنادرێت، ناتوانن بەشداریی هەڵبژاردن بكەن.
داواشی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کرد ڕێکاری پێویست بۆ بەشداریکردنی ئەو کەسانە بگرێتەبەر و پسوڵەی تایبەتیان بۆ دروستبکرێت و ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا زیادبکرێت.