كەشناسێكی عێراقی: سەرەتای مانگی داهاتوو پلەی گەرما دەگاتە 62 پلە

لە سێبەردا دەچێتە سەروو 50 پلە

پێشبینیكارێكی كەشوهەوای عێراقی پێشبینی دەكات لە سەرەتای مانگی تەمموزی داهاتوو پلەكانی گەرما بگاتە 62 پلەی سیلیزی، بەتایبەت بە ناوچەكانی باشووری وڵات، ئاماژە بەوەشدەكات لەمڕۆوە پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە.

ئەحمەد تەمیمی، پێشبینیكاری كەشوهەوا ڕایگەیاند، عێراق لە بەردەم دوو هەفتەی زۆر گەرمدایە، كە لە سەرەتای تەمموزی داهاتوو دەگاتە ترۆپك، لە ناوچەكانی باشوور و لە سێبەردا دەگاتە 53 پلە و لەژێر تیشكی خۆریشدا دەگاتە زیاتر لە 62 پلەی سیلیزی.

وتیشی، “لەمڕۆوە پلەكانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكەن”.

پارێزگای بەسڕە، بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی ئاستی شێ لەماوەی ئەم هەفتەیە و بەتایبەت لە ڕۆژی سێشەممەدا بەخۆیەوە دەبینێت، وەك ئەوەی تەمیمی ئاماژەی پێداوە و دەشڵێت، دواتریش كەشوهەوای شارەكە بێزاركەر و گەرم دەبێت و لەنێوان (48، 51، 52 و 53)دا دەبێت بەدرێژایی 10 ڕۆژی داهاتوو.

شارەكانی دیكەی وەك (كوت، دیوانییە، بابل، دیالە و بەغداد) پلەكانی گەرمایان لەنێوان (47 بۆ 51) پلەدا دەبێت.

دەربارەی هەرێمی كوردستان و شارەكانی ڕۆژئاوای عێراقیش ئەو پێشبینیكارە دەڵێت، ناوچەكانی باكوور و ڕۆژئاوا بەهەمان شێوە گەرما دەیانگرێتەوە، بەڵام بە پلەیەكی كەمتر و پێشبینی پلەی نێوان 45 تا 47 پلە دەكات.

بابەتی پێشتر

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: لەم مانگەدا 23 ئۆپەراسیۆنمان دژی داعش ئەنجامداوە

بابەتی دواتر

هاککەرە ڕوسییەکان مایکرۆسۆفتیان کردە ئامانج

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share