كۆمسیۆن دەتوانێت هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەببات؟

یەكێك لە بنكەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر

عێراق كەمتر لە حەوت مانگی ماوە بۆ ئەوەی بچێتە نێو ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختەوە كە بۆ پەرلەمانی وڵاتەكە لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە دیاری كراوە، بەڵام كۆمسیۆن یەكلا نەبووەتەوە لەوەی دەتوانێت ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوەببات یاخود نا.

شارەزایەكی هەڵبژاردن لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق لەو وادەی بۆی دیاریكراوە دەڵێت، ئەو ستافەی ئێستای كۆمسیۆنی “بێ ئەزمونن و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لەو كاتەدا قورسە”.

كێشەكانی بەردەم هەڵبژاردن چین؟

عەلی قادر، سەرۆكی پێشوی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە پارێزگای هەولێر لە لێدوانێكی تایبەتیدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەڕاستی ئەم هەڵبژاردنەی كە لەپێشە هەڵبژاردنێكی ئاسان نییە، چونكە بازنەكانی هەڵبژاردن گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، پێویستە كۆمسیۆن جارێكی دیكە دەنگەكانی بازنەكان دابڕێژرێتەوە”.

ئەو بەرپرسەی پێشوی كۆمسیۆن ئەوەشی خستەڕوو، “كێشەی گەورە ئەوەیە كە كۆمسیۆنی ئێستا كەم ئەزمونە و بە بەرنامەیەك هەرچی خەڵكی بە ئەزمون هەبوون لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دوورخرانەوە، دوورخستنەوەی كارمەندە بە ئەزمونەكانیش مەبەست لێی بەدەستهێنانی كورسیی زیاتر بوو”.

عەلی قادر ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەو كارمەندانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە لە ساڵی 2003وە لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان كاریان دەكرد و ڕاهێنانیان پێكرابوو، سەرجەمیان دوورخراونەتەوە و ئەوەی ماوەتەوە لەخوارەوە خەڵكێكی بێ ئەزمونن، دەی ئەوانیش ناتوانن ئیدارەی كاروباری هەڵبژاردنەكان بكەن، تەنانەت كۆمسیۆن و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانیش دەبێت بچنە ڕاهێناوە”.

“كۆمسیۆن لە دەستەیەكی سەربەخۆوە بووە دەستەیەكی لایەنگری حزب”

سەرۆكی پێشوی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە پارێزگای هەولێر وتی، “كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە دەستەیەكی سەربەخۆوە بووەتە دەستەیەكی لایەندار، ئەمانەی ئێستا دانراون سەربەخۆی ڕاستەقینە نین، هەروەها لە ستافەكانی پێشووتر زیاتر دەستبەستراون”.

سەبارەت بە ڕێگاچارەكان بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكە نەكەوێتە قەیرانەوە، عەلی قادر ئەوەی خستەڕوو، “بۆ ئەوەی ئەوەی كێشەی گەورە نەیەتە پێش دەبێت تیمی زۆر شارەزا و ڕاوێژكاری سەربە نەتەوەیەكگرتووەكان بەشداربن و خەڵكی هونەرییش بنێرن بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكان، تەنانەت ئەو شارەزا و ڕاوێژكارانە ژمارەیان ئەوەندە زۆر بێت، شۆڕببنەوە بۆ پارێزگاكانیش، ئەگەر ئەوە نەكرێت ئەوا بەم شێوازەی ئێستا كۆمسیۆن ئەركی قورسە و بە كەم ئەزمونییەوە ناتوانن كارەكە ڕاپەڕێنن”.

“ئەوەی هەیە سیستمی هەڵبژاردنی ئەلیكترۆنی نییە”

عەلی قادر ئاشكرایكرد، “ئەوەی ناویان ناوە سیستمی هەڵبژاردنی ئەلیكترۆنی و دەنگدانی ئەلیكترۆنی، ڕاست نییە، بەڵكو تەنها ژماردنی ئەلیكترۆنی بووە كە سكانەرێكی زیرەك لەسەر سندوقەكانن و دەنگەكان دەژمێرێت، ئەوەش ڕێگایەكی زۆر باش بوو بۆ خێرا ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان و ڕێگری لە ساختەكردن”.

“ئەوەی لە عێراق هەیە هەر دەنگ بە كاغەز دەدرێت، سندوقەكە سكانەرێكی زیرەكە و دەنگەكان دەژمێرێت و بۆ كاندیدی خۆی دەنێرێت و كەسیش ناتوانێت یاری پێوە بكرێت، بەڵام بۆ عێراق هەرچ سیستمێك بەكاربهێنیت ئاسان نییە كە ئامار نەبێت زانیاریی دروستی دەوڵەت نەبێت”، عەلی قادر وای وت.

ملیۆنان كارتی دەنگدان لای كۆمسیۆنن و هاوڵاتییان وەریان نەگرتوونەتەوە

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق داوای 380 ملیۆن دۆلاری بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە كردووە، بەڵام تا ئێستا كەمتر لە 3 ملیۆنی بۆ تەرخان كراوە، وەك پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرایكردووە.

لە لێدوانێكیدا بۆ میدیا عێراقییەكان، محەمەد كەریم، ئەندامی لیژنەی جێبەجێكردنی بەرنامە حكومییەكان و پلانی ستراتیژی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەكردووە، “لیژنەكەمان لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆبوونەوەیەكی تێروتەسەلی ئەنجامدا، هەموو ئەو پرسیارانەی لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە هەبوون ئاڕاستەی كۆمسیۆنەكە كران”.

محەمەد كەریم ئەوەشی خستوەتەڕوو، “كاری لەپێشینەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەو بەرنامەیە كە كازمی ئاڕاستەی كردوون، ئەویش ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەیە”.

سەبارەت بە ئەو بودجەیەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەرخانكراوە، كە بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، ئەو پەرلەمانتارە ڕایگەیاندووە، “هەڵبژاردن پێویستی بە پارە هەیە، كۆمسیۆن داوای 380 ملیۆن دۆلاری كردووە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن، بەڵام تا ئێستا نزیكەی 3 ملیۆن دۆلار تەرخان كراوە، لەكاتێكدا زۆر بابەتی هونەری هەن پێویستیان بەپارەیە چونكە هەڵبژاردنەكە بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی بەڕێوەدەچێت”.

ئەندامەكەی لیژنەی جێبەجێكردنی بەرنامە حكومییەكان و پلانی ستراتیژی ئەوەشی ئاشكراكردووە، “4 ملیۆن كارتی بایۆمەتری دەنگدان لای كۆمسیۆنن هێشتا هاوڵاتییان نەچوونە وەری بگرنەوە”.

ماوەیەكی كەم دوای دەستنیشانكردنی وەك سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەر، مستەفا كازمی كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقی دیاریكرد، كە ڕۆژی 6ی مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو دەكات.

بابەتی پێشتر

عێراق لە پلەی دووەمی پێوەرە جیهانییەکانی تیرۆردایە

بابەتی دواتر

هیومان ڕایتس وۆچ هێرشدەكاتەسەر پرۆژەیاسایەكی عێراق

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share