کێشەی گەورە هەیە.. زێدان دوای شکستەکەی قادیش بڕیارێکی گرنگیداوە

دوای دۆڕاندنی چاوەڕواننەکراوی یانەی ڕیاڵ مەدرید بەرانبەر قادیش، زینەدین زێدانی ڕاهێنەری فەرەنسی داوای کۆبوونەوەی بەپەلە و درێژخایەنی لە یاریزانانی کردووە.

لە چوارچێوەی ڕوبەڕوبوونەوەکانی گەڕی شەشەمی خولی پلە یەکی ئیسپانیا، یانەی ڕیاڵ مەدرید لە یاریگای دی ستیفانۆ بەرانبەر یانەی قادیش دۆڕاندنێکی چاوەڕواننەکراوی بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام تۆمارکرد، دۆڕاندنەکە بەتەنها هۆکاری بێزاری و دڵەڕاوکێی زێدان نەبوو، بەڵکو ئەو ئاستە خراپەی یاریزانان نیشانیاندا ڕاهێنەرەکەی گەیاندووەتە ڕادەی بێمتمانەبوون.

ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، لە تایمی دووەمدا زێدان چوار ئاڵوگۆڕی لەسەریەکی ئەنجامداوە، کە ئەوەش گوزارشت لە بوونی کێشەیەکی گەورە دەکات.

بەم هۆیەوە لە دوای یارییەکە دڵەڕاوکێی پێوەدیاربووە، دواتر لە ڕێگەی یاریدەدەرانییەوە داوای کۆبوونەوەی ماوەدرێژی لەگەڵ یەک بە یەکی یاریزانان کردووە.

زێدان دەزانێت لەم وەرزەدا بەرەو شکستێکی گەورە هەنگاو دەنێت و ئەنجام و ئاستی پێکهاتەکەی لەسەر ڕێڕەوی دروست نییە، بەڵکو لە ڕووی هێرشبەرییەوە یانەکە دووچاری نەزۆکی بووە، بەهەموو توانایەوە هەوڵدەدات لە کۆبوونەوەی بڕیاردراودا داوای گەڕاندنەوەی متمانە و گڕوتینی وەرزی ڕابردوو لە یاریزانانی بکات.

هەروەها بڕیارێکی دیکەی ئەنجامدانی مەشقەکانی ڕیکەڤەرییە لە بری مەشقی ئاسایی، تاوەکو یاریزانانی لەڕووی جەستەییەوە باشتر خۆیان بۆ یارییەکانی داهاتوو ئامادەبکەن.

 

بابەتی پێشتر

بەرشلۆنە لە مێسی بێهیوابووە و سیتی دەیکاتە دیاری بۆ گواردیۆلا

بابەتی دواتر

یونایتد پێشنیازی ئاڵوگۆڕێکی هەژێنەر لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share