باڵادەستیی یەکێتی و پاشەکشەی مێژوویی پارتی لە بەغداد

عێراقی ئەمڕۆ، لە گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵدایە؛ شرۆڤەکارانی سیاسی دەڵێن، ئەو عێراقەی کە لە ساڵی 2003ـدا و پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس بناغەکەی دانرا، چیتر وەک خۆی نەماوەتەوە و هێزە سیاسییە سەرەکییەکان، سوورن لەسەر ئەوەی وڵات نەگەڕێننەوە بۆ ئەو سەردەمە.

لە نێوەندی ئەم گۆڕانکارییانەدا، گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێز لە نێوان هێزە کوردییەکاندا بە ڕوونی دەبینرێت؛ لە کاتێکدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک داینەمۆی پڕۆسەی سیاسیی ئێستا لە بەغداد دەردەکەوێت، پارتی دیموکراتی کوردستان خەریکە پێگەی مێژوویی خۆی لەدەستدەدات.

عێراقی ئێستا نوێگەریی دەوێت نەک سیاسەتی خۆسەپێن

شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە، لە عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، پارتی بەشێکی سەرەکی و یەکێک لە جەمسەرە دەسەڵاتدارەکانی بەغداد بوو، بەڵام ئەمڕۆ، ئەو ڕەواجەی جارانی نەماوە و هێزە سیاسییە نوێیەکانی عێراق، مۆدێلی حکومڕانی و مامەڵەی ئێستایان دەوێت و نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە تێیدا پارتی وەک هێزێکی خۆسەپێن مامەڵەی دەکرد.

لەسەر ئەم بابەتە، شیکەرەوەیەکی سیاسیی عێراقی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “پارتی لەئێستادا لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاوت کراوە و چیتر وەک یاریزانێکی سەرەکی ئەژمارناکرێت”، ئەم پەراوێزکەوتنە تا ئەو ئاستەیە، کە سەرەڕای هەموو جۆرە سازشێکی سیاسی کە پارتی دەیکات بۆ گەڕانەوە بۆ ناو کایەکە، هێشتا دەرگاکانی بەغدادی بە ڕوودا نەکراوەتەوە.

یەکێتی وەک هێزی پشتپێبەستراو و پردی پەیوەندی

لە بەرامبەر پاشەکشەی پارتی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانیویەتی پێگەی خۆی وەک بڕیاردەری یەکەم لە بەغداد جێگیربکات؛ لە ناوەندە سیاسییەکانی عێراقدا، ئەم ڕاستییە چەسپاوە کە بەبێ ئۆکەی و ڕەزامەندیی یەکێتی، هیچ بڕیار و پڕۆسەیەک لە بەغداد سەرناگرێت، بەتایبەتی پرسە پەیوەندیدارەکان بە مووچە و دۆزی کورد.

شرۆڤەکاران دەڵێن، یەکێتی توانیویەتی ببێتە پردی پەیوەندیی نێوان هێزە عێراقییەکان و پارێزەری مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە بەغداد، ئەمەش وایکردووە کە وەک هێزێکی متمانەپێکراو و ستراتیجی تەماشابکرێت.

کێ هۆکاری پەراوێزکەوتنی پارتییە لە بەغداد؟

ئەو شیکەرەوە سیاسییە عێراقییە باس لەوەدەکات، بەشێکی زۆری ئەو شکستانەی کە پارتی لە بەغداد و هەرێمی کوردستان دووچاری بووەتەوە، بۆ شێوازی حکومڕانی و سیاسەتە چەوتەکانی مەسرور بارزانی، جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە.

دەشڵێت، مەسرور بارزانی نەک هەر نەیتوانیوە لە بەغداد هێزێکی کاریگەر بۆ حزبەکەی دروستبکات، بەڵکو لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشدا، بەردەوام کێشەی دروستکردووە و بووەتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی سیاسی. شکستی دیپلۆماسیی پارتیش لە بەغداد، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو تێڕوانینە تەسکەیە کە لە هەولێرەوە پەیڕەودەکرێت، کە تەنیا کێشە و ئاڵۆزیی بەرهەمهێناوە و هیچ بەرهەمێکی بۆ کورد لێ سەوز نەبووە.

بایکۆتێکی بێ ئامانج و گەڕانەوەیەکی شەرمەزارانە

سەرچاوەیەکی سیاسی لە بەغداد بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “یەکێک لە نوێترین نموونەکانی شکستی پارتی، مامەڵەکردنی بوو لەگەڵ پۆستی سەرۆککۆمار و دامەزراوەکانی بەغداد، دوای ئەوەی یەکێتی توانی کاندیدی خۆی (نزار ئامێدی) لە پشکی خۆی جێگیربکات، پارتی وەک پەرچەکردارێکی بێ هێز، بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و بوونی خۆی لە بەغداد کرد”.

بەڵام ئەم بایکۆتە زۆری نەخایاند؛ کاتێک پارتی زانی ئەوەی کردی بێسوود بووە و یەکێتی هەموو جومگە گرنگەکانی بەدەستەوە گرتووە، بە ناچاری و بە پەشیمانییەوە گەڕایەوە بۆ بەغداد.

پارتی گەڕایەوە بەغداد؛ بەڵام..

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی وت، “گەڕانەوەی پارتی بۆ بەغداد، گەڕانەوەی هێزێکی سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکو گەڕانەوەی هێزێکی دەستبەتاڵ بوو کە تەنیا لەپێناو وەرگرتنی چەند پۆستێکی پلە دوو و سێ، هەموو دروشمەکانی پێشووی فەرامۆش کرد کە بەردەوام دەیوت (عێراق دژی کوردە و مامەڵەیان لەگەڵ ناکەین)، لە بەرامبەردا، سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی یەکێتی لە بەغداد سەلماندی کە تەنیا سیاسەتی حەکیمانە و دیپلۆماسییەتی ڕاستەقینە، دەتوانێت پێگەی کورد بپارێزێت”.

دەشڵێت، لەئێستادا پارتی بە ناچاری و بێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێکی ستراتیجیی هەبێت، تەنیا وەک شوێنکەوتەیەک لە بەغداد ماوەتەوە و چاوەڕێی یەک دوو پۆستە وەریبگرێت، لە کاتێکدا نەخشەی سیاسیی نوێی عێراق، بە بێ ڕەزامەندیی یەکێتی ناکێشرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share