لە سەردانە ڕانەگەیەندراوەکەیدا بۆ عێراق؛ پێنس پێشنیازی پەیوەندییەکی درێژخایەنی لەگەڵ کورد کردووە

سەردانەکەی جێگری سەرۆک هەوڵێک بووە بۆ هێورکردنەوەی نیگەرانییەکانی کوردە عێراقییەکان لە بڕیارەکەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کشانەوەی سەربازەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

ڕۆژی شەممە (٢٣ی نۆڤەمبەر) جێگری سەرۆک، مایک پێنس لە سەردانە چاوەڕواننەکراوەکەیدا بۆ عێراق، جەختی لە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ کوردە عێراقییەکان کردەوە. ستایشی “پەیوەندیی بەهێز”ـی دوو لایەنەکەی کرد، سەرەڕای هەوڵەکانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی سەربازە ئەمریکییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە سووریا.

 

دوای سەردانکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژاوای عێراق، لە باکوور، پێنس چووە هەولێر و چاوی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، کەوت و ستایشی ئەو”پەیوەندییە بەهێزەی کرد کە لە نێوان کورد و ئەمریکییەکاندا هەیە.”

 

پێنس وتی، “لەبری دۆناڵد ترەمپ هەلەکە دەقۆزمەوە بۆ جەختکردنەوە لەو پەیوەندییە بەهێزەی کە لە گڕی ناو شەڕەوە بەهێز بووە.”

 

ڕەنگە سەردانەکەی جێگری سەرۆک هەوڵێک بووبێت بۆ هێورکردنەوەی نیگەرانییەکانی کوردە عێراقییەکان لە بڕیارەکەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە بارەی کشانەوەی سەربازەکانی ئەمریکا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە کوردی خستە ژێر ڕەحمی هێرشەکانی تورکیا و چوونی لێشاوێک لە ئاوارەی بۆ عێراق لێکەوتەوە.

 

بەرپرسە عێراقییەکان لە بەغداد و ناوچە کوردییەکانیش لە هەوڵدابوون بۆ ڕازیکردنی ترەمپ بۆ جێنەهێشتنی سووریا بەتەواوی.

 

بارزانی سوپاسی پێنسی کرد بۆ سەردانەکەی و وتی کە هیوادارە پەیوەندییەکان لەگەڵ ترەمپدا “بەردەوام بەرەو باشبوون بچن”.

 

سەبارەت بە هەستی ناپاکیلەگەڵکردن لای کوردەکان بەهۆی کاروکردەکانی ترەمپەوە، پێنس وتی، “پێم وانییە هیچ دوودڵییەک لەلای سەرکردەکانی حکومەتی هەرێم دروست بووبێت لە بارەی پابەندبوونی سەرۆک ترەمپ لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە عێراق و هەروەها ئەوانەی ناو هێزی بەرگریی سووریا، ئەو هێزە کوردییانەی شانبەشانی ئێمە شەڕیان کرد. لای ئێمە ئەو پابەندەبوونە نەگۆڕە.”

 

بەرپرسێکی نووسینگەی سەرۆک وتی کە ترەمپ پشتگیریی بەهێزی سەردانەکەی کردووە، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە سەرۆک تۆمەتبارکرا و بانگکرا بۆ لێکۆڵینەوە لە دادگا. سەردانەکەی پێنس ئاماژەیەک بوو بۆ جیهان کە نووسینگەی ترەمپ سەرەڕای کێشە سیاسییەکان لە ناوخۆی وڵات، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پشتگوێ نەخستووە.

 

هەروەها بەرپرسەکە جیاوازییەکی پیشاندا لەنێوان کوردی عێراقی و کوردی سووری کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە و تورکیا وەک گرووپێکی تیرۆرستی ئەژماریان دەکات.

 

بەرپرسەکە وتی کە پێنس چاوەڕوانی ڕوودانی ئەو خۆپیشاندانانەی کردبوو کە لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەرەوە عێراقی گرتەوە، ئەوەش دوای پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی [پێشووی] عێراق عادل عەبدولمەهدی و هانی حکومەتی عێراقی دا بۆ پچڕانی پەیوەندیی لەگەڵ ئێراندا.

 

گرژی و ئاڵۆزییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خۆپیشاندانەکانی عێراق و لوبنان و ئێرانی لێکەوتەوە، لەگەڵ وەستانەوەی گەنجەکان دژی گەندەڵکارییەکانی ناو حکوومەتەکەیان.

 

لەبری دۆناڵد ترەمپ هەلەکە دەقۆزمەوە بۆ جەختکردنەوە لەو پەیوەندییە بەهێزەی کە لە گڕی ناو شەڕەوە بەهێز بووە.

لای نووسینگەی ترەمپ، هەموو خۆپیشاندانەکان وەک جۆرێک لە چالاکیی ئێرانییەکان لە ناوچەکەدا دەبیندرێن، هاوکارەکانی سەرۆک هەوڵ دەدەن سوود لە دۆخەکە ببینن بۆ هاندانی جووڵانەوەیەک کە کاریگەرییەکانی ئێران نەهێڵێت.

 

بەرپرسێکی نووسینگەی ترەمپ وتی کە پێنس لەبەر ئەو توندوتیژییانەی لەگەڵ خۆپیشاندەراندا کرا، نەچووە بەغداد.

 

وتیشی، “ناتوانین زۆر لەنزیکەوە باوەش بە حکوومتێکدا بکەین کە خۆپیشاندەرانی دەکوژێت. سەردانەکەی جێگری سەرۆک باوەشێکی گەورەی سیاسی بوو.”

 

بەپێی قسەکانی لێپسراوان کە لە ئەسۆشییەتد پرێسدا دانرابوونەوە، لە ماوەی سێ ڕۆژی پێکدادانە بەهێزەکانی ناوەڕاستی بەغداد، ١٥ کەس کوژران و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش بریندار بوون. ڕۆژی شەممە هێزەکانی ئاسایشی عێراق گولـلەی پلاستیکی و گازی فرمێسکڕژێنیان بەکارهێناوە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران و بووە هۆی کوژرانی چەندین کەس.

 

ڕۆژی هەینی (٢٢ی نۆڤەمبەر) مایک پێنس بە هاوەڵیی بەرپرسی ستافەکەی، مارک شۆرت و ڕاوێژکاریی تایبەتی خۆی لە ئاسایشی نەتەوەیی، کیس کیلۆگ و کارین پێنسی خێزانی، بە گەشتێکی ١٥ کاتژمێری لە بنکەی سەربازی ئاندریوسەوە هاتە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار.

 

بەپێی زانیاریەکانی هاوکارەکانی، بە گەیشتنی پێنس لە کاتژمێر ١١:٢٧ـی نیوەڕۆ، کورتەی زانیارییەکانی پێگەیشت و لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا قسەی لەگەڵ عەبدولمەهدی کرد و هانیدا ڕاوبۆچوونە ئازادەکان قبووڵ بکات.

پێنس و خێزانەکەی لە بەرانبەر خزمەتەکانی سەربازە ئەمریکییەکان نانی نیوەڕۆی ‘جەژنی سوپاسگوزاری’ـیان پێشکەش کردن.

 

پێنس وتی، “دەزانم کە ئەمە هەمان تامی چێشتی نیشتمان و کاتبەسەربردن لەگەڵ خێزانەکانتان نادات، بەڵام هیوادارم کە کەمێک لە تامی نیشتمانمان هێنابێتە ئێرە.”

 

هەروەها جێگری سەرۆک داوای لە کۆنگرێس کرد کە خەرجییە سەربازییەکان زیاد بکات.

 

پێنس بە ڕۆژنامەوانەکانی ڕاگەیاند، “ڕاستییەکە ئەوەیە کە پێویستبوو کۆنگرێس مانگێک لەمەوبەر کارەکانیان لەسەر بابەتی خەرجیی بەرگری تەواو بکەن. بەڵام هەمووتان دەزانن کە لایەنگرە سیاسییەکان و لێکۆڵینەوە بێکۆتاکان کارەکانیان لە واشنتن خاو کردووەتەوە.

 

٢٦ی دیسەمبەری ٢٠١٨ لە یەکەم سەردانیدا بۆ کەنداوی عەرەبی، ترەمپ سەردانی بنکەی سەربازی عەین ئەسەدی کرد. مانگی دیسەمبەری ٢٠١٧ پێنس سەردانی سوپا سەربازییە ئەمەریکییەکانی کرد لە ئەفغانستان.

بابەتی پێشتر

تەبەقی هێلکە.. داهێنانێک کە داهاتی ساڵانەی هەشت ملیار دۆلارە

بابەتی دواتر

خۆپیشاندانەکان دەریدەخەن ئێران کێشەی لە کۆنترۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share