‘لیستی كازمی’ له‌ هه‌رێم قوڵكردنه‌وه‌ی برینه‌كانی كورد یان ساڕێژكه‌ر؟

لەگەڵ دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە كە لیستێكی دەبێت لە سەرتاسەری وڵاتەكە بە هەرێمی كوردستانیشەوە، چاودێرانی سیاسیش ڕەتی ناكەنەوە كە ئەگەری لیستێكی تایبەت بە كازمی لە هەڵبژاردنە پێشوەختەكە چاوەڕوان كراوە.

لەنێو سۆشیال میدیا و شەقامی كوردی، بوونی لیستێكی تایبەت بە كازمی جێی سەرنجی هاوڵاتییان بوو، هەندێك وەك فریادڕەس تەماشای دەكەن هەندێكی دیكە هاوشێوەی سیناریۆكەی عەبادی دەیبینن.

بوونی لیستێكی تایبەت بە كازمی
هەرزوو میدیا عێراقییەكان و بەشێك لە چاودێرانی عێراقی پەردەیان لەسەر ئەوە هەڵماڵی كە سەرۆكوەزیرانە كاربەڕێكەرەكەی عێراق، پلانی لیستێكی سەرتاسەری هەیە، چاودێرانی كوردیش نایشارنەوە كە بوونی لیستی كازمی لە هەرێم ئەگەرێكی بەهێزە.

ئەبوبەكر كاروانی، چاودێری سیاسی تایبەت بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بە بڕوای من مستەفا كازمی بیر لەوە دەكاتەوە لەگەڵ هەندێك سیاسی كورد و خەڵكانێكدا سوود لەو ناڕەزایی و بێ ئومێدییەی خەڵك وەربگرن كە لیستێك دروست بكەن”.

كاروانی ئەوەشی خستەڕوو، مەرج نییە لیستەكە ناوی كازمی لەسەر بێت، بەڵام ناڕاستەوخۆ خزمەت بەو هێڵە دەكات كە كازمی و هاوپەیمانەكانی لە عێراقدا كاری لەسەر دەكەن.

پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “جوڵە و هەنگاوەكانی مستەفا كازمی دیارن، بڕوام وایە لیستێكی تەكنۆكراتی دەبێت كە ڕەنگە بەشێك لە حزبەكان و بەشێك لە كەسایەتییە ئەكادیمییەكانی تێدا بێت و لیستێكی هەمەجۆر و هەمەلایەن بێت”.

لیستەكەی كازمی فریادڕەسی كورد دەبێت؟
كە باس دێتە سەر بوونی لیستێكی تایبەتی كازمی لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، باسی بوونی هەمان لیست لە بازنەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەڵام هەنگاوێكی لەو جۆرە بە قوڵكردنەوەی زیاتری كێشەكانی هەرێم دەبیندرێت نەك چارەسەر.

پۆڵا سیروان تاڵەبانی كە بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی یەكێتی بوو لە بەغداد تێڕوانینی جیاوازە لەسەر هەنگاوەكانی كازمی و دەڵێت، “كازمی فریادڕەسی چی بێت بۆ هەرێم؟، لەكاتێكدا خزمەتگوزاری لە عێراق لە خراپرتین ئاستدایە، گەندەڵییەكان وەك خۆیانن و كوشتن و ڕفاندن هەن و جموجۆڵی داعش و تەقینەوەكان بەردەوامیان هەیە”.

“گۆڕانكاریی نەوعیم لە كازمی نەبینیووە و جوڵەكانی تەنها وەك نمایشێك دەیبینم، هەروەها وتەكان و خیتابی سیاسی ئەو نەرمە، بەڵام تا ئێستا لەبارەی هەرێمەوە هەنگاوی فیعلی نەنانەوە بۆ چارەسەركردنی كیشەكان”، پۆڵا سیروان تاڵەبانی وای وت.

لەبارەی كاردانەوەی هاوڵاتییانی كورد بەرامبەر لیستی كازمی لە هەرێمی كوردستان، ئەبوبەكر كاروانی وتی، “خەڵك لە نائومێدیدا بیر دەكاتەوە كە لیستێكی لەو جۆرە فریادڕەس بێت، بەڵام لە جەوهەردا كاردانەوەیە بەرامبەر ئەو ناعەدالەتی و گەندەڵییەی كە لە هەرێم هەیە”.

بەڵام ئەو چاودێرە نەیشاردەوە كە، “دڵخۆشكردنی خەڵك بە هەندێك شت نەك چارەسەر نییە، بەڵكو بۆ سزادان و تۆڵەكردنەوەیە، لەڕاستیدا لیستی كازمی نە فریادڕەسە و نە بۆ چارەسەرە، بەڵكو دۆخی هەرێمی كوردستان بەرەو خراپتر دەبات و كێشەكانیش قوڵتر دەكاتەوە”.

كاروانی نەیشاردەوە كە، “كازمی نەخشەی خۆی هەیە، بە بڕوای منیش هەرشتێك لە نائومێدییەوە سەرچاوە بگرێت و كاردانەوەی هەبێت نابێت بە چارەسەر”.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سالار مه‌حمود، ڕاوێژكاری پێشووی سه‌رۆككۆماری عێراق تایبه‌ت به‌ تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “كورد له‌ ئێستا و داهاتوشدا ده‌بێت له‌وه‌ تێبگات كه‌ خۆی فریادڕه‌سی خۆیه‌تی و خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت متمانه‌یان به‌خۆیان بێت و هیچكه‌س فریادڕه‌سی كورد نییه‌ خۆی نه‌بێت”.

سالار مه‌حمود ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “هێزه‌ سیاسییه كوردییه‌كانیش پێویسته‌ خۆیان ئاماده‌بكه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی خه‌ڵكی كوردستان، له‌ عێراقیشدا هه‌میشه‌ ئێمه‌ له‌ ململانێ و شه‌ڕدا بین بۆ دابینكردنی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان”.

حزبە كوردییەكان و كازمی
دروستكردنی لیستی سەركردەیەكی عەرەب لە هەرێمی كوردستان، بەبێ پاڵپشتی كەسایەتی یان حزبێكی كورد سەركەوتوو نابێت، پێشبینی ئەوەش كراوە لەم هەنگاوەیدا سەرۆكوەزیرانی عێراق كەسایەتی و تەنانەت حزبی كوردیشی لەگەڵدا بێت.

ئه‌بوبه‌كر كاروانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ڕێگه‌ی تێده‌چێت هەندێك حزبی كوردی هاوپەیمانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بكه‌ن لەو هه‌نگاوه‌دا، وتیشی ئه‌و هه‌نگاوه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ “لە دواڕۆژدا وەك كارتێكی فشار بەكاری بهێنن”.

ئه‌و چاودێره‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، “پێویستە پارتی و یەكێتی كارێك بكەن لانی كەم هەندێك هەنگاوی جدی و جەریئانە بنێن بۆ ئەوەی خەڵك بیر لەو ئەڵتەرناتیڤانە نەكه‌نه‌وه‌، پێشنیازیش ده‌كه‌م حزبەكانی دەرەوەی یەكێتی وپارتیش بیر لەوە بكەنەوە گروپ و لیستێكی هاوبەش دروست بكەن بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو”.

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی و ئه‌گه‌ره‌كانی چونه‌ ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یه‌وه‌، ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی وتی، “یەكێتی حزبێكی سیاسییە و ئەگەر بیەوێت هاوپەیمانییه‌كی سیاسی لەگەڵ كازمی بكات، ئەوا ئەبێت وەك حزب بریاری لەسەر بدرێت و تا ئێستاش قسەی لەسەر نەكراوە، بەڵام له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی ئەندامێكی حزبه‌كه‌ بچێتە لیستێكی دیكەوە، جێی قبوڵ نییە”.

“نابێت چاوه‌ڕوانی و ئومێد به‌ هیچ كه‌سێكی غه‌یره‌ كوردستانی بكه‌ین بۆ به‌دیهێنانی مافه‌كانمان، خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت پشت به‌ خه‌ڵكی خۆی و ئیراده‌ی خۆی ببه‌ستێت و ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانی خۆی بدات”، سالار مه‌حمود وای وت.

به‌شێك له‌ میدیا عێراقییه‌كان له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ پرسی سه‌رتاسه‌ری بوونی لیستی كازمی له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا وروژاندووه‌، ته‌نانه‌ت باسیان له‌وه‌ كردووه‌، “به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆككۆماری عێراق و مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق پێكه‌وه‌ ئه‌و لیسته‌ دروست ده‌كه‌ن”، به‌ڵام تا ئێستا به‌ فه‌رمی ئه‌و بابه‌ته‌ به‌سی لێوه‌نه‌كراوه‌.

نزیكترین هه‌ڵبژاردن كه‌ واده‌كه‌ی دیاری كراوه‌، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراقه‌، كه‌ مسته‌فا كازمی 6ی حوزه‌یرانی ساڵی 2021ی دیاریكردووه‌ وه‌ك به‌رواری به‌ڕێوه‌چونی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌.

دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، دواتر عادل عەبدولمەهدی، وەک سەرۆکی حکومەت هەڵبژێردرا، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردووی عێراق خۆری کابینەکەی زوو ئاوا بوو، یەکێک لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانیش هەڵبژاردنی پێشوەختە بو.

بابەتی پێشتر

ئۆساکا جامی ئەمریکای بەرزکردەوە و ئەمشەو فاینەڵی کوڕان ئەنجامدەدرێت

بابەتی دواتر

دەریاچەیەكی عێراق مەترسی لەناوچوونی لەسەرە

بابەتی پەیوەندیدار