یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەردوو حزب، لە سلێمانی ڕێككەوتنی پێكهێنانی هاوپەیمانیی كوردستانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق واژووكرد.
لەسەرەتای مەراسیمەكە، عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، “دوای زنجیرەیەك كۆبونەوە لەگەڵ یەكێتی گەیشتینە ڕێككەوتن، ڕێككەوتنەكەشمان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق”.
وتیشی، “دەرفەتی گونجاو لەبەردەستدایە دوای هەڵبژاردن هەموو لایەنەكان لە بەرەیەكی فراواندا كۆببینەوە، یەكێتی و گۆڕانیش بە هەستكردن بە لێپرسراوێتی، ڕێككەوتنەكەیان پەسەندكردووە”.
باسیلەوەشكرد، “ئێمە وەكو بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتادا بەخوێندنەوە بۆ دۆخی سیاسی لەچوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییانەی لە گۆڕەپانەكە ڕوودەدەن، بڕیارەكەمان داوە”.
هاوكات بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، رێككەوتنەكە هەنگاوی یەکەمی بە دیهێنانی خەونەکانی كۆچكردووان مام جەلال و نەوشیروان مستەفایە، هەوڵیشە بۆ “سلێمانییەکی باشتر، کوردستانێکی باشتر و عێراقێكی باشتر”.
هاوسەرۆكی یەكێتی دووپاتیكردەوە، “ئەگەر بەم ڕۆحییەتە کاربکەین خزمەتێکی باش دەکەین، دۆخی کوردستان وەک پێویست باش نییە، بەیەکەوە دەبێت کارێک بکەین بەرنامەی هەردووکیان (مام جەلال و نەوشیروان مستەفا) تەواو بکەین”