وەزارەتی کارەبا هۆکاری کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی ڕووندەکاتەوە

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند، لە وێستگەی خورمەڵە کێشەی گازیان بۆ دروستبووە و دوو وێستگەی گازی هەولێریش لەکارکەوتوون.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بەهۆی دابەزینی پەستانی گاز لە وێستگەی گازی خورمەڵە و لەکارکەوتنی دوو وێستگەی دیکەی گازی لە هەولێر بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا بە (400) مێگاوات لە (3400) بۆ (3000) مێگاوات نزمبووەوە.

وەزارەتی کارەبا هۆکارێکی دیکەی بۆ زیاتربوونی خواست لەسەر کارەبا گەڕاندەوە و ڕایگەیاند لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما خواست لەسەر کارەبا بەبڕی 600 مێگاوات زیادیکردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەسەرەتای مانگی حوزەیرانەوە خواست لەسەر کارەبا 3800 مێگاوات بوو، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما خواست لەسەر کارەبا بۆ 4400 مێگاوات بەرزبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی کارەبا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کێشە تەکنیکییەکانی وێستەگەکانی لە کارکەوتوو چارەسەر دەکرێن و بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگاتە ئاستی جاران.

وەزارەتی کارەبا داوا لە هاوڵاتییان دەکات بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕووی کارەبا و کەمکردنەوەی بۆشاییەکە بۆ پێدانی کارەبای زیاتر دەست بە بەکارهێنانی کارەباوە بگرن و ئەو ئامێر و گلۆپانەی کە زۆر پێویست نین کەمبکەنەوە، بەتایبەتی ئەو هاوبەشانەی کە پێوەری زیرەکیان نەبەستووە و دەگاتە 52% هاوبەشانی کارەبا.

بابەتی پێشتر

یەکێتی و گۆڕان واژووی بەشێکی دیکەی ڕێککەوتنەکەیان دەکەن

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی بۆ پارێزگاری دهۆك: بەمنزیكانە دەسەڵاتەكان شۆڕدەكرێنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share