هیچ هەنگاوێكی كرداری بۆ نوسینەوەی دەستوری هەرێم نەنراوە

بڕیارە سەرۆكایەتی پەرلەمان ڕا و بۆچوونی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان وەربگرێت

سەرەڕای خستنەڕووی پرسەكە لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانەوە، تائێستا هیچ هەنگاوێكی كرداری تایبەت بە نوسینەوەی دەستوری هەرێم نەنراوە، جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی دەڵێت، سەرۆكایەتی پەرلەمان چاوەڕوانی ڕاوبۆچوونی لایەنەكان و بڕیاردانە لەسەری.

زیاتر لە سێ مانگە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان پرسی نوسینەوەی دەستوری هەرێمی خستووەتەڕوو، بەڵام تائێستا ئەو هەوڵە نەگەیشتووەتە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە و هەنگاوی كردەیی.

عەباس فەتاح، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری یاسایی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە پرسی دەستور خراوەتە بەردەم فراكسیۆنەكان، جگە لەوە هیچ هەنگاوێكی عەمەلی و مەیدانی نەنراوە”.

وتیشی، “داواكەی دەستەی سەرۆكایەتی بۆ ئەوەیە ڕای لایەنە سیاسییەكان بدرێتەوە بە فراكسیۆنەكان و لەنێو پەرلەماندا گفتوگۆی لەسەر بكرێت و، گفتوگۆكان بگاتە ئەنجامێك و بڕیاری لەسەر بدرێت”.

“بڕیارە سەرۆكایەتی پەرلەمان ڕا و بۆچوونی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان وەربگرێت و دوای گفتوگۆ بڕیاری ئەوە بدرێت ئایا لەم خولەدا بێدەنگی لە نوسینەوەی دەستوری هەرێم بكرێت، یاخود هەنگاو بۆ نوسینەوەی بنرێت” جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری یاسایی وای وت.

پێشتر مونا قهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “سەرجەم فراكسیۆنەكان ڕاوبۆچوونی خۆیان ڕادەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، جگە لە ئۆپۆزسیۆن”.

ناوبراو باسیلەوەشكرد، پێویستیان بەكۆبوونەوەیەكی فراوانە بۆ هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بۆچوونانەی فراكسیۆنەكان و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەسەر دەستوور، ئەویش لە ئایندەیەكی نزیكدا دەكرێت.

دەربارەی ئەوەی كەی هەنگاوەكانی نوسینەوەی دەستور دەستپێدەكات، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، “جارێ چاوەڕوانی ڕا و سەرنجی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دەكەین، بۆ ئەوەی ببێتە پرۆژەیەكی نیشتمانی و تا پرۆژەكانی ئەوانیش نەگەنە پەرلەمان، ناتوانین هیچ هەنگاوێكی كردای بنێن، بۆ نوسینەوەی دەستور، لەبەرئەوە هەنگاوەكان دەستیپێنەكردووە”.

دەربارەی ئەوەی كە ئایا لەم خولەی پەرلەمان دەستور دەنوسرێتەوە، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان پێیوایە، “ئەگەر لایەنە سیاسییەكان یەكڕیزبن، پێشبینی دەكەین لەم خولەی پەرلەمانی كوردستان دەستور پەسەندبكرێت”.

دەستوری هەرێمی کوردستان چەند جارێک گفتوگۆی لەسەر کراوە و لەخولی دوەمی پەرلەمانی کوردستانیش دەنگی لەسەر درا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی و ناكۆكییەكانەوە نەخرایە دەنگدانی گشتی و گەڕێندرایەوە بۆ پەرلەمان.

لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا دوای پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ نوسینەوەی 51 ماددەی رەشنووسی دەستوور كۆدەنگییان لەسەر كرا، بەڵام بەهۆی داخستنی پەرلەمان نەتوانرا کێشەی دەستور چارەسەربکرێت.

ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان لەسەر چەند ماددەیەكە كە پەیوەندییان بە ئایین، سیستمی سیاسی و بەڕێوەبردن و دابەشكردنی دەسەڵاتەكانەوە هەیە و تائێستا ڕێككەوتنی لەسەر نەكراوە و لە بەردەم ئەم خولەی پەرلەماندا ماوەتەوە.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی پلاندانان: تێکڕای هەڵاوسان لە عێراق بەرزبووەتەوە

بابەتی دواتر

عێراق یەکێکە لە گەورەترین هاوردەکارانی چەک لە جیهاندا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە پارێزگایەك پشوو راگەیەندرا

پارێزگاری نەینەوا بەهۆی ناسەقامگیریی كەشوهەواوە سبەی كردە پشوو. نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، بەهۆی ناسەقامگیریی كەشوهەواوە سبەی پێنجشەممە،…
Total
0
Share