هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئێران دەستیپێکرد

لە کاتژمێر پێنج  و نیوی بەیانییەوە هەڵبژاردنی 13 هەمین دەورەی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیپێکردووە و لەگەڵ ئەوەش دەنگدەران ئەنجومەنی شار و لادێکانیش هەڵدەبژێرن.

عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران کاتژمێر 7ی بەیانی دەنگیدا و بەشێک لە بەرپرسانی تری ئێران وەک هاندانێک بۆ خەڵکی لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دەنگدانەوە بەشداری هەڵبژاردنیان کرد.

لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ئێراندا جگەلە دەنگدەرانی دەرەوەی ئێران 59 ملیۆن و 310 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن ڕوبکەنە سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام وەک پێشبینی دەکرێت ڕەنگە ڕێژەی بەشداریکردن نزمبێت.

لە هیچ هەڵبژاردنێکی ئێراندا هێندەی هەڵبژاردنی ئەمڕۆ 18 ی حوزەیران، باسی بایکۆت و نەچوون بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان نەکراوە، چونکە جگە لە ڕێکخراوەکان و لایەنی ئۆپۆزسیۆن، بەشێک لە دەموچاوە سیاسییەکانیش هەڵبژاردن بایکۆت دەکەن، وەک ئەحمەدی نەژاد، کە لایەنگرێکی زۆری هەیە.

ئەحمەدی نەژاد بەرلە دەستپێکی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند،” من دەنگ نادەم و پشتیوانی لە هیچ کاندیدێکیش ناکەم”، ئەمەش بە نیشانەی ئەوەیە کە، لایەنگرانی نەژاد بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ناکەن.

لە ئێستادا دوای ڕەتکردنەوەی کاندیدبوونی بەشێک لە سیاسییەکان، لەلایەن ئەنجومەنی داڕشتنەوەی دەستورەوە کاندیدی بەهێز بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری ئیبراهیم رەئیسییە.

ئەو کاندیدانەی بڕیارە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکە بکەن، ئیبراهیم رەئیسی و موحسین رەزایی و عەبدولناسر هیمەتی و ئەمیر حسێن قازیزادەن.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) هۆڵەندا دووەم بردنەوەی تۆمارکرد و گەیشتە قۆناغە یەکلاکەرەوەکان

بابەتی دواتر

لە هەولێر و سلێمانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بەڕێوەدەچێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share