مەسرور بارزانی: گەیشتوینەتە ڕێككەوتن لەسەر ناردنی بودجەی هەرێم

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، گەیشتوینەتە ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق دەربارەی ناردنی پشكی هەرێم و لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە حساب دەكرێت.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق گفتوگۆمان دەربارەی پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ ڕاستەڕێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد کرد.

مەسرور بارزانی لە تویتێكدا وتیشی، “خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە ڕێکەوتنێك كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هەرێمی کوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە حيساب دەکرێت بە (أثر رجعي)”.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەشڵێت، سوپاسی سەرۆک وەزیرانم کرد بۆ سەرکردایەتییەکەی و هەروەها سوپاسی حکومەتی فیدراڵیم کرد بۆ پشتیوانیکردنی ڕێککەوتنەکە.

دوپاتیشیدەكاتەوە، “ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگە و بە یەکەوە بەسەر بەربەستێکی سەختدا زاڵ بووین”.

پێشتر ڕێبوار كەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی هیوا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، حكومەتی عێراق بڕیاریداوە بە خەرجكردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان، دوای وردبینیكردنی داتا و ئامارەكانی نەوت و داهاتی نانەوتی.

وتیشی، “پارەكە لە مانگی كانونی یەكەمەوە خەرجدەكرێت، مەرجەكەشی ئەوەیە پاش پێداچوونەوە بێت بە داتا و ئامارەكان و تەنها بۆ موچە خەرجبكرێت”.

پرسەكە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری لەسەر دراوە، هاتنی شاندەكانی چاودێری دارایی و بانكی (TBI) بۆ هەرێم و وەرگرتنی داتا و زانیارییەكان ڕۆڵی لە دەركردنیدا هەبووە، وەك ئەوەی پەرلەمانتارە كوردەكە ئاماژەی پێدا.

ئاشكراشیكرد، هەرێم هەندێك لە داتاكانی ناردووە بۆ بەغداد و هەندێكی ماوە، جێبەجێكردنی بڕیارەكە دوای ناردنی سەرجەم داتاكان و وردبینیكردنی دەبێت.

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی و سەرۆکی خاچی سوری نێودەوڵەتی گرفتە ژینگەییەکانی عێراقیان تاوتوێکرد

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) پۆرتوگال لە کۆتا ساتەکاندا هەنگاریای کوتا بەزەویدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share