عێراق بەنیازە ژمارەیەک وێستگەی ئەتۆمی بەمەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا دروستبکات، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ کۆمپانیان ڕووس ئەتۆمدا گفتوگۆیان کردووە بۆ دروستکردنی هەشت وێستگە لە عێراقدا.
کەمال حسێن لەتیف سەرۆکی دەستەی سەرچاوە تیشکدەرەکان لە عێراق، بە ئاژانسی سپۆتنیکی ڕوسیی ڕاگەیاندووە، بڕیارە هەشت وێستگەی ئەتۆمی لە عێراق بونیاد بنێین بەمەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق، ئەو هەشت ویشتگەیەش بۆ پێویستی عێراقە لەڕووی کارەباوە، کە تا ساڵی 2035 ڕێژەی %25 ی کارەبای عێراق دابیندەکات.
دەڵێت، “ئێمە ئێستا ڕاسپێردراوین بۆ ئەو ژمارەیە بەڵام ئەگەری هەیە سەرجەمیان لەو ماوەیەدا تەواو نەبن، هەروەها ژمارەیان ئەگەری هەیە زیاتر یان کەمتر بێت ئەوەش بۆ بڕیاری حکومەت دەگەڕێتەوە”.
جەختیشیکردەوە، ئەو کۆمپانیایەی پرۆژەکە جێبەجێدەکات کۆمپانیای ڕوس ئەتۆم-ی ڕوسییە، لەماوەیەکی نزیکدا سەردانی نوسینگەی سەرەکی کۆمپانیاکە دەکەین بۆ تەواوکردنی وردەکارییەکانی پرۆژەکە.
کۆمپانیای ڕوس ئەتۆم دەستەیەکی فەرمیی حکومەییە لە بوارەکانی ئەتۆمیی ڕووسیدا کاردەکات، بارەگای سەرەکی لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیایە و لە ساڵی 1992 دامەزراوە.